عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی گوتارەکەیدا لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی شنگال دەرکرد و رایگەیاند، سەرجەم ئەو خێزانانەی خانووەکانیان رووخاوە قەرەبوو دەکرێنەوە و شارەکەش ئاوەدان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی ئابی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا کە لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق پێشکەشی کرد، رایگەیاند، "ئەوەی بەرامبەر ئێزدییەکان کرا کارێکی وەحشیگەرانە و کەم وێنە بوو؛ تیرۆریستان بەبێ جیاوازی ژن و پیاو و منداڵی شارەکەیان کۆمەڵکوژ کرد".
سوودانی باسی هەوڵەکانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال کرد و گوتی، "سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەوروبەری نەینەوامان داناوە و بڕیاری دروستکردنی 14 هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوونمان بۆ خەڵکی شنگال داوە. هەروەها بڕیاری پێدانی قەرزی خانووبەرەمان بە خەڵکی نەینەوا و شنگال داوە و جێبەجێ دەکرێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد، بە زوویی کارەکانی زانکۆی شنگال تەواو بکرێت و بە رووی خوێندکاراندا بکرێتەوە.
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە، سوودانی گوتی، "قەرەبووی هەموو ئەو خێزانانە دەکەینەوە خانووەکانیان رووخاوە و هەموو ناوچە زیانلێکەوتووەکانیش ئاوەدان دەیکەینەوە".
ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. لە گەرمەی جەنگی نێوخۆی سووریادا، لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) شاڵاوێکی خوێناویی کردە سەر شنگال و دەوروبەری.
لە هێرشەکەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران و دوای هێرشەکەش ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و دواتریش دەیان هەزار کەسیان روویان لە دەرەوە کرد.
سوودانی گوتی، "لیژنەی تایبەتمان بۆ سەرجەم کەیسەکانی پەیوەست بە ئێزدییەکان پێکهێناوە؛ لەنێویشیاندا، لیژنەی گەڕان بەدوای رفێنراوەکان و گەڕاندنەوەیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ