گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە موسڵ دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە گۆڕستانێکى موسڵ دۆزرایەوە کە رووفاتى 24 کەسی تێدایە.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە گۆڕستانى عیگاب لە بەشى راستى شارى موسڵ دۆزرایەوە کە 24 رووفاتى تێدایە.
 
حوزەیرانی 2014 رێکخراوى داعش شارى موسڵى کۆنترۆڵکرد و تاوەکو 2017 لەوێ مایەوە. لەو ماوەیەدا نزیکەی 10 هەزار کەس لەو شارە کوژران یان بێسەروشوێن بوون.
 
 محەممەد کاکەیی گوتى، "رووفاتەکان خەڵکى موسڵن، بەڵام ناسنامەیان نەزانراوە و نموونەیان لێ نێردراوە بۆ ئەوەی پشکنینى دى ئێن ئەیان بۆ بکرێت و ناسنامەیان بزانرێت".
 
باوەڕ وایە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانى دەستى داعش لە عێراق 121 گۆڕ بن؛ 51یان هەڵدراونەتەوە.
 
زۆرینەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سنوورى پارێزگاى نەینەوان کە 111 گۆڕى بەکۆمەڵن.