ئاڵایەکى ئیمام حوسێن لە عێراق بە 93 ملیۆن دینار کڕدراوە

05-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەى گەندەڵى کۆمپانیاى گشتیى بەندەرەکانى عێراق پێکدەهێندرێت؛ بە گوتەى سەرۆکى لیژنەکە، ئاڵایەک بە 93 ملیۆن دینار کڕدراوە کە وێنەی گریمانەیی و نووسینی تایبەت بە ئیمام حوسێنی لەسەرە.
 
ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەى پەرلەمان لە 15ى نیسان لەسەر ئەو کۆمپانیایە پێکهێندراوە و 13 پەرلەمانتار تێیدا ئەندامن.
 
یاسر حوسێنى، سەرۆکى لیژنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە گوێرەى وردبینى و لێکۆڵینەوە لە لیستى خەرجى کۆمپانیاى گشتى بەندەرەکانى عێراق، دەرکەوت کە ئاڵایەک بە 93 ملیۆن دینار کڕدراوە؛ هەروەها یو پی ئێسێک بۆ نووسینگەى یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى کۆمپانیاکە بۆ کاروبارى کارگێڕی بە 303 ملیۆن و 821 هەزار دینار کڕدراوە."
 
کۆمپانیاى گشتى بەندەرەکانى عێراق سەر بە وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنە و سەرپەرشتى چوار بەندەرى دەریایی عێراق دەکات.
 
یاسر حوسێنى رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانى ئەو کۆمپانیایە بەردەوامە و داواى بەڵگەنامە و زانیارییان لە چەند لایەنێکى پەیوەندار کردووە لەبارەى گەندەڵییەکانى ئەو کۆمپانیایە و لەم مانگەدا راپۆرتێک لەو بارەیەوە بڵاودەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە