دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رەتکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی رەتکردەوە کە تایبەت بوو بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. دادگەکە دەڵێت سکاڵاکە لە تایبەتمەندیی ئەواندا نییە.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 5ـی ئابی 2024) دادگەی فیدراڵیی عێراق لە پێگەی فەرمیی خۆیەوە رایگەیاند، دادگەکەیان سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە "لەبەرئەوەی بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە، لە تایبەتمەندیی دادگەکەدا نییە."
 
سکاڵاکە رۆژی 26ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، لەلایەن پەرلەمانتاران باسم خەشان و مستەفا سەنەد لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە.
 
باسم خەشان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی پابەندکەرن و ئێمەش پابەندی دەبین، بەڵام لەداهاتوودا رێگەی دیکە بۆ ئەو مەبەستە دەگرینەبەر و پێویستە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا، عێراق دووچاری ناسەقامگیریی زۆر بووەتەوە."
 
سکاڵاکاران داوایان لە دادگەکە کردبوو، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نایاسایی بزانێت و ئەو هێزانە پابەندبکرێن بە گێڕانەوەی ئەو ناوچە و دامەزراوانەی لە دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنی لەگەڵ عێراق بەکاریاندەهێنێت، ئەو زیانانەش قەرەبوو بکاتەوە، کە لەو ماوەیەدا لە 1ـی کانوونی دووەمی 2009ـەوە بەهۆی بوونی ئەو هێزانەوە بە عێراق کەوتوون.
 
لە ساڵی 2008، ئەمریکا و عێراق رێککەوتنێکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق واژۆکرد، دیارترین بڕگەشی بریتی بوو لەوەی، کشانەوەی هێزەکانی شەڕکەری ئەمریکا لە شار و شارۆچکەکان، لە 30ـی حوزەیرانی 2009 تێنەپەڕێنێت.
 
داواکاریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لەلایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە و لایەنە سیاسییەکانیشیان نوێ نییە، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر بووە.