سزاى هێرشکردنە سەر پارێزەر لە عێراق دەکرێتە زیاتر لە 7 ساڵ زیندانیکردن
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق یاسای پارێزەران هەمواردەکاتەوە و یەکێک لە بڕگەکانى هەموارەکەش سزاى سەر ئەو کەسانە زیاد دەکات، کە هێرش دەکەنە سەر پارێزەران.
ئەوە هەموارى یەکەمى یاساى پارێزەرانى عێراقە کە پەرلەمان 4ـی ئاب خوێندنەوەى دووەمى بۆ کرد، ئەوەش وەک هەنگاوى پێش پەسندکردنى.
یەکێک لەو هەموارانەى لە یاساکەدا دەکرێت، سزاى ئەو کەسە زیاد دەکرێت کە هێرش دەکاتە سەر پارێزەر، بە جۆرێک لە 7 ساڵ زیندانیکردن کەمتر نەبێت. ئێستا لە یاساکەدا تاوانباری ئەو بابەتە هەمان سزا دەدرێت کە لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر فەرمانبەرى دەوڵەت هەیە.
ئەحمەد زەیدى، ئەمنیدارى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى یاساى ئێستاى پارێزەران، سزاى هێرشکار بۆ سەر پارێزەر لە 5 ساڵ زیندانیکردن تێپەڕ ناکات.
هەموارەکە هەروەها رێگرى دەکات لە لێکۆڵینەوە لە پارێزەران بێ رەزامەندیی سەندیکاى پارێزەران و، دەبێت نەقیبى سەندیکا یان کەسێکی دیکە کە رایدەسپێرێت ئامادەى لێکۆڵینەوەکان بێت.
ئەمنیدارى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق گوتى، "ساڵانە لانیکەم 50 پارێزەر لەسەر کارەکەیان ھێرش دەکرێتە سەریان. ئەم ساڵ پێنج پارێزەر کوژراون."
بەگوێرەی ئامارەى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق، زیاتر لە 84 هەزار پارێزەر وەک ئەندام لەو سەندیکایە تۆمارکراون.