کۆمیسیۆن: ناوی بەربژێرانمان بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و دەستەکانی دەستپاکی نارد

06-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لیستی ناوی بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رەوانەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەرێمی کوردستان و دەستەکانی دەستپاکی نارد بۆ ئەوەی لێیانبکۆڵنەوە.
 
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بە ئەلیکترۆنی و کاخەز، لیستی ناوی بەربژێرانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ لە بەغدا و هەولێر و دەستەکانی دەستپاکی لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە نارد."
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشبینی کرد لە ماوەی هەفتەیەکدا لێکۆڵینەوە لە ناوی بەربژێران تەواو ببێت.
 
قۆناخی داهاتووی کۆمیسیۆن، وەکو ئەو بەرپرسە ئاشکرایکرد، تیروپشک بۆ هاوپەیمانێتی و حیزب و بەربژێرانی تاکەکەسی دەبێت.
 
بەپێی سیستمی تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم ئەم شەش مەرجەی تێدا بێت:
 
- هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت (بەپێی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) و نیشتەجێی ئەو شوێنە بێت کە کارتی زانیارییەکەی تێدا دەرچووە.
 
- تەواو شیاو بێت و 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
- بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.
 
- بە تاوانەکانی ئابڕووبەری ئەخلاقی، ئادابی گشتی و دەستپاکی سزا نەدرابێت.
 
- بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزیکردن سزا نەدرابێت.
 
- لەو تاوانانەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە بەشداری نەکردبێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانەی نەکردبێت.
 
کۆمیسیۆن لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەکانی دەستپاکی لەو دوو حکومەتە دەنێرێت و پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و شیاوێتیی بەربژێران تەواو بێت.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.