لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی تەیف سامی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە میوانداریی وەزیری دارایی دەکات. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێ، باسی بەهای دۆلار و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵدا دەکەن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە، 05-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە میوانداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکات.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی، لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆ لەبارەی ناسەقامگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، خەرجکردنی پارەی پرۆژە و کۆمپانیاکان، مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەکەن.
رۆژی یەکشەممە لە کاتی داخستنی بازاڕدا و ئەمڕۆش لە کاتی کردنەوەدا 100 دۆلار گەیشتە سەرووی 150 هەزار دینار. ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 750 دینار بووە.
جەمال کۆچەر دەڵێ، کۆمپانیا هەیە تاوەکو ئێستا کە مانگی هەشتە، بەشە پارەی ساڵی رابردووی کارەکانی بۆ خەرجنەکراوە، ئەوەش گرفت و کێشەی بۆ پرۆژەکان دروستکردووە.
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی، عێراق کێشەی پارەی کاشی هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا دۆلاری کەمتر لە فرۆشی نەوت رەوانەی عێراق دەکات، ئەوەش کێشەی پارەی کاشی دروستکردووە.
لەبارەی پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەران، جەمال کۆچەر گوتی، دوێنێ لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەو پرسیارەیان لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، ئەویش دڵنیایی داوە کێشە بۆ مووچە دروست نابێت و پارەی مووچەی دابین کراوە. کێشەکە زیاتر بۆ پارەی پرۆژەکانە.