ناکۆکیی نێوان کاردیناڵ ساکۆ و رەیان کلدانی درزی خستووەتە نێو کریستیانەکانی عێراق

رووداو دیجیتاڵ

لە کەنیسەی مار گۆرگیس لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر، کریستیانەکان لە کەشێکی ئارامدا رێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان دوو کەسایەتیی کاریگەری نێو کریستیانەکان، ماوەیەکە خەریکە ئارامی و برایەتیی کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق درزی تێدەکەوێت.
 
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان دەڵێ "من، رووبەڕووی میلیشیاکان و لایەنی دیکە بوومەتەوە، کە دەیانەوێت دەست بەسەر مافە رەواکانی پێکهاتەی کریستیانەکاندا بگرن؛ وەک کۆتا، وەزارەت، هەروەها نووسینگەی ئەوقافی کریستیانەکان و موڵک و زەویوزاریان".
 
پێش جەنگی عێراق لە ساڵی 2003، ژمارەی کریستیانەکانی عێراق ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام لە دوای ئەو جەنگە و خراپبوونی ئاسایشی عێراق و هێرشی گرووپە تووندڕەوەکان بۆ سەر کریستیانەکان، ژمارەیان بۆ زیاتر لە 150 هەزار کەس کەمبووەتەوە، کە دەکاتە رێژەی تەنیا 1٪ـی دانیشتووانی عێراق. ئەمەش دەکاتە لەدەستدانی رێژەی 80٪ـی ئەو پێکهاتەیە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا، کە زۆربەیان روویان لە ئەوروپا و ئەمریکا کردووە.
 
مانگی رابردوو، ناکۆکیی کریستیانەکانی عێراق تەقییەوە، دوای ئەوەی کاردیناڵ لویس ساکۆ رایگەیاند بەغدا جێدەهێڵێت و روو لە هەولێر دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی مەرسوومێکی کۆماری لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە هەڵوەشێنرایەوە، کە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهانی بە ساکۆ دابوو.
 
ئەنان ئەلداوی، کریستیانێکی بەغدایە، دەڵێ "گەورەمان، ساکۆ چووە هەولێر، بەڵام دڵی لەگەڵ ئێمەدایە و ئێمەش دڵمان لەگەڵ ئەودایە، ئێمەی باوەڕداران دەمانەوێت لە سیاسەت بەدوور بین و نامانەوێت دەستوەردان لە سیاسەتدا بکەین، هەروەکو گوتم، ئێمە هەموومان لە یەک وڵاتدا دەژین."
 
ئەو کەسەی کاردیناڵ ساکۆ کێشەی لەگەڵدا هەیە؛ ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیوون و بەرپرسێکی باڵای کریستیانی کلدانییە، کە لە هەمان کاتدا بە کەسێکی نزیک لە ئێران ناسراوە. 
 
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیوون بەمشێوەیە باسی حەشدی شەعبی دەکات "ئەگەر ئەوان پێیانوایە حکومەتی عێراق پشتگیری لە حەشدی شەعبی دەکات، کە ئەوان بە میلیشیا ناوی دەبەن، ئەوا ئێمە شانازی پێوەدەکەین و شانازی بەوەوە دەکەین بەو ناوە بانگمان بکەن. ئەمڕۆ رەوایەتی و هێزمان لە حکومەتی عێراق و خەڵکی وڵاتەکەمانە، ئەمڕۆ خەڵک لەگەڵ ئێمەدایە."
 
لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ساڵی 2021، بزووتنەوەکەی رەیان کلدانی لە کۆی پێنچ کورسیی کۆتای کریستیانەکان، چواری بەدەستهێنان، کاردیناڵ ساکۆ، کلدانی تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیەوێت دەست بەسەر سەرجەم داموزدەزگاکانی کریستیانەکاندا بگرێت، هەمان تۆمەت کە رەیان کلدانی ئاراستەی کاردیناڵەکەی کردووە.