حەلبووسی پشتگیری داواکەی موقتەدا سەدر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پشتگیرى لە هەنگاوەکان دەکەن بەرەو هەڵبژاردنێکى پەرلەمانی و خۆجێیی لە ماوەیەکى دیاریکراودا. دەشڵێت: "نابێت ئیرادەى جەماوەر پشتگوێ بخرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت."
 
تادێت پاڵپشتیکارانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەخت زیاتر دەبن، کە خواست و داواکاریی رێبەری رەوتی سەدرە، لە نوێترین پێشهاتیشدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشتگیری لەو داوایەی موقتەدا سەدر کرد.
 
رۆژی 5ى ئابى 2022، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند: "پەرلەمان نوێنەرى گەلە و ئەو جەماوەرەى کە کۆبوونەتەوە و بەشێکن لێى و بەهیچ شێوەیەک نابێت ئیرادەى پشتگوێ بخرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت کە موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر داوایکرد".
 
موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر سەدر رۆژی 03-08-2022 لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
 
محەممەد حەلبووسى پشتگیریى هەنگاوەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و خۆجێیی دەکات، کە لە ماوەیەکى دیاریکراودا رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت، ئەویش بۆ بەردەوامى کاروانى دیموکراسی لەژێر سایەى دەستوور و لێکتێگەیشتن بەشێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندیى باڵاى نیشتمانیى وڵات یەکبگرنەوە.
 
لە رۆژی 30-07-2022ەوە لایەنگرانى رەوتى سەدر چوونەتە نێو پەرلەمانى عێراق و مانگرتنیان راگەیاندووە و داواى گۆڕانکارى لە پرۆسەى سیاسى و هەموارکردنی دەستوورى عێراق دەکەن.