رووداو دیجیتاڵ
هەفتەى داهاتوو پشووى وەرزى یەکەمى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت، هەڵبژاردنى سەرۆک، یاساى لێبووردنى گشتى و بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر لە پێشینەى کارەکانى وەرزى نوێى کارکردنى دەبێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، سێشەممە، 9ى تەممووز، پشووى وەرزى یەکەمى پەرلەمان کۆتایی دێت و دەستبەکار دەکاتەوە، وادەى یەکەم کۆبوونەوە لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە دیاری دەکرێت.
کارکردنى وەرزى یەکەمى ئەم ساڵى پەرلەمان مانگێک درێژکرایەوە، تاوەکو خشتەى بودجەى 2024 پەسند کرا، بەوەش پشووەکە لە دوو مانگەوە کرایە مانگ.
دارا سێکانیانى گوتی: "چەند پرسێکى گرنگ لە بەردەم وەرزى نوێى یاسادانانى عێراقە لەوانە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان، دەنگدان لەسەر هەموارى یاسای بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر، پڕۆژەیاسای لێبووردنى گشتى و هەڵوەشاندنەوەى چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى پێشوو. "
زیاتر لە حەوت مانگە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، بەهۆى رێککنەکەوتنى سوننەکان لەسەر یەک بەربژێر، ئەو پۆستە تائێستا یەکلانەبووتەوە.
هەموارى یاسای بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر بۆ تووندکردنى سزاکانێتى، پڕۆژەیاسای لێبووردنى گشتى-یش یەکێکە لە داواکاریى سوننەکان بۆ ئازادکردنى ئەوانەى پێیانوایە سەر بەو پێکهاتەیەن لە گرتووخانەکاندا و "بێتاوانن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ