رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکى محەممەد حەلبووسی رایگەیاند لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە سوننەکان سەرۆک بارزانى دەستپێشخەریى کردووە بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، داوای لێکردوون بە یەک بەربژێرەوە بچنە پەرلەمان.
سعوود مەشهەدانی، راوێژکارى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدووم بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "سەرۆک بارزانى توانى سەرجەم لایەنە ناکۆک و رکابەرەکانى سوننە کۆبکاتەوە بەوانەوەش کە ببوونە هۆى کێشە لەسەر پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، چەند پێشنیازێک لەلایەن سەرۆک بارزانى هەبوو کە سووننەکان کۆبکاتەوە و بە یەک بەربژێر بچنە نێو پەرلەمان".
رۆژی 4ى تەممووزی 2024 سەرۆک بازرانى لەگەڵ نوێنەرى لایەنە سوننەکان لە بەغدا کۆبووەوە، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بوو، کە زیاتر لە حەوت مانگە چۆڵە.
سعوود مەشهەدانی گوتی: "بەمنزیکانە لایەنە سوننەکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەى لەسەر بەربژێرێک بسازێن و بە زیاتر لە بەربژێرێک نەچنە پەرلەمانەوە. ئەو بەربژێرە جێگەى رەزامەندى هەموو لایەک بێت بە حەلبوسیشەوە."
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى پەرلەمان بوو.
دوو جار پەرلەمان دانیشتنى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى کردووە و هەردوو جارەکە لە گەڕى دوومى دەنگداندا دانیشتنەکە راگیراوە، دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەو پرسە لە 18ى ئایار بوو رکابەرییەکە لە قۆناخى دووەم لە نێوان مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوى راگیرا.
راوێژکارەکەى محەممەد حەلبووسی گوتى: "پێشتر رێککەوتن کراوە کە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بەرامبەر بە چەند وەزارەتێک بێت لەنێو سوننەکاندا و کاتێکیش محەممەد حەلبوسی پۆستى سەرۆکى پەرمانى بەجێهێشت دەبێت لە هەمان حیزب بێت، بەڵام بەداخەوە هەوڵمان بینى بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە بەتایبەت لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لە سوننە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ