یونسێف تۆمارى ئەلیکترۆنیی لەدایکبووان لە عێراق دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە عێراق سیستمى تۆمارى ئەلیکترۆنى لە دایکبووان دەستپێدەکات، بۆ گەرەنتیی تۆمارى گشتگیرى ئەو منداڵانەى لە سەرانسەرى عێراق لەدایکدەبن، بۆ ئەو هەنگاوە 12 ناوەند لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەکاتەوە.
 
لقى عێراقى رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، عێراق هەنگاوێکى گرنگى ناوە بۆ بەهێزکردنى ژێرخانى بنەڕەتى  تەندروستى لە رێگەى دەستپێکردنى سیستمى فەرمى تۆمارى مەدەنى و سەرژمێرى (CRVS) .
 
سەرژمێریى (CRVS) تایبەتە بە تۆمارى لەدایکبووان و مردووان و هۆکارى مردنەکان. کارکردن بەو سیستمە لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە بەهاوکارى رێکخراوى یونسێف جێبەجێ دەکرێت. 
 
رێکخراوەکە لەسەر زارى ساڵح حەسناوى، وەزیرى تەندروستى عێراقەوە رایگەیاندووە، ئەو سیستمە بۆ ئەوەیە لە دایکبووان لە سەرانسەرى عێراق بەشێوەى ئەلیکترۆنى تۆمار بکرێن، ئامانج لێى ئاسانکردنى رێوشوێنەکانە بۆ گەیشتن بە زانیارییەکان و فەراهەمکردنى خزمەتگوزارییەکانى کەرتى تەندروستى و خێزان و پاراستنى کۆمەڵایەتى. 
 
ژمارەى دانیشتووانى عێراق بۆ ساڵى 2024 بە زیاتر لە 43 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، ئەو ژمارانە لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە دەدرێتەوە وەزارەتى پلادانانى عێراق. 
 
ساندرا لەتیف، نوێنەرى یونیسێف لە عێراق رایگەیاند؛ کارپێکردن بەو سیستمە ئاماژەیە بۆ هەنگاونانى عێراق بەرەو گۆڕانکاریى لە بە ئەلیکترۆنیکردنى بوارى تەندروستى لە رێگەى گەرەنتیکردنى مافى یاسایی هەر منداڵێک بۆ ناسنامەى یاسایی لە ساتى لەدایکبوونیەوە.
 
رێکخراوەکە رایگەیاندووە بۆ جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوە رێکخراوى یونیسێف لە ماوەى 15 مانگى رابردوودا کارى لەسەر بەهێزکردنى تواناکان و پێشکێشکردنى پاڵپشتیى هونەریی کردووە، 12 ناوەندى تۆمارى لەدایکبووانیش لە عێراق و هەرێمى کوردستان کراونەتەوە.