وەزارەتی ناوخۆی عێراق: کاپتاگۆن لە سووریا و کریستاڵ لە ئەفغانستانەوە دەهێندرێن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوو هێڵی هێنانی مادەی هۆشبەر لەرێگەیانەوە بۆ عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت هەردووکیان لەژێر چاودێریدان، دەشڵێت ئەم ساڵ ئەندامانی 230 تۆڕیان دەستگیرکردووە کە 27یان نێودەوڵەتین.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ  لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەسرە رایگەیاند، ساڵی 2023، زیاتر لە 19 هەزار کەس دەستگیرکراون، جگە لە 150 بازرگانی نێودەوڵەتی.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ  گوتی: "ئەم ساڵ ئەندامانی 230 تۆڕمان دەستگیرکردوون، کە 27یان نێودەوڵەتین و لە بواری بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر نزیکە بگەین بە ئەنجامی باش." 
 
رۆژی 22ـی ئەم مانگە کۆنفڕانسێک لەسەر ئاستی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ و هی دیکە لەبارەی مادەی هۆشبەرەوە هەیە، دەشڵێت :"کاپتاگۆن لە سووریاوە دێتە ئەنبار و کریستاڵ لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران و دواتر دێتە عێراقەوە و ئەو دوو هێڵە لەژێر چاودێریدان."
 
لەبارەی تاوانەکانی دیکەوە، بەتایبەت خۆکوشتن، بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ روونیکردەوە : "تاکە تاوانێک کە زیادیکردووە خۆکوشتنە کە 5٪ زیادبووە، ئەوەش هۆکارەکانی خێزانی و دەروونی و مادین."
 
تایبەت بە کارتی نیشتمانی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: "ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کارتی نیشتمانییان وەرگرتووەتەوە 39 ملیۆن کەس دەبن." ئەوەشی ئاشکراکرد لە سێ ساڵی رابردوودا بەپێی مادەی شەشی یاسای رەگەزنامەی عێراقی، رەگەزنامە دراوەتە 54 هاووڵاتی، ئەو کەسانە بوون کە ماوەی 10 ساڵ بەبێ دابڕان مانەوەیەکی رێکوپێکیان هەبووە.
 
ئەوە جگە لەوەی رەگەزنامەی عێراقی دراوەتە 576 کەس لەوانەی هاوسەرگیریان لەگەڵ عێراقی کردووە بە شووکردن و ژنهێنانەوە.