سوودانی گۆڕانکاریی لە پۆستە ئەمنی و هەواڵگرییەکاندا دەکات

05-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن محەممەد شیاع سوودانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق، گۆڕانکاری لە زیاتر لە 10 پۆستی باڵای ئەمنی لە هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا کرد. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش دەڵێت: "گۆڕانکارییەکان دەرفەتپێدانە بە سەرکردەکانی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و بەرزکردنەوەی کاری دامەزراوە ئەمنییەکان."، پەرلەمانتارێکیش گۆڕانکارییەکان بە "پێویست" دەزانێت و دەڵێت: "پۆستە مەدەنییەکانیش دەگرێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 5-7-2023، لیوا یەحیا رەسوول. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی گۆڕانکارییەکان، کە محەممەد شیاع سوودانی لە ژمارەیەک لە پۆستە ئەمنییەکاندا کردوویەتی، رایگەیاند: "بەکارکردن بە کارنامەی حکومەت و لەپێشترێتییەکانی پەیوەست بە چاکسازی کارگێڕیی دامەزراوە ئەمنییەکان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ژمارەیەک فەرمانی بۆ گۆڕانکاری لە هەندێک لە پۆستە ئەمنییەکاندا دەرکرد."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەشڵێت، ئەو هەنگاوە دوای توێژینەوەیەکی ورد بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق بۆ بەرژەوەندیی گشتی نراوە. باس لەوەش دەکات کە "هەڵسەنگاندنی بەردەوام" بۆ کاری دامەزراوە ئەمنییەکان دەکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گۆڕانکارییە ئەمنییەکان لە پۆستە باڵاکانی ئەو دوو دامەزراوەیە بریتیین لە:
 
- لابردنی حەمید شەتری لە پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دانانی ئەبو عەلی بەسری بە سەرۆکی دەزگاکە.
 
- لابردنی فالیح عیساوی لە پۆستی بریکاری دووەمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دانانی موسەننا عوبەیدی لەو پۆستە.
 
- لابردنی ماجید دلێمی لە پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و دانانی وەقاس محەممەد، بە سەرۆکی دەزگاکە.
 
-گواستنەوەی حەمید شەتری و ماجد دلێمی بۆ راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی.
 
-لابردنی فالیح یونس حەسەن، لە پۆستی بریکاری کارگێڕیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دانانی موسەنا ئەرزوقی وەهیب لە شوێنەکەی.
 
-دانانی ئەحمەد سەلمان داود، بە بریکاری ئەمنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.
 
-دانانی سەباح نووری ئەمین نعێمی، بە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هونەریی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.
 
-محەممەد عەتا عەبودە، لە پۆستی بریکاری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئاسایشی پارێزگاکان لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لابرا و دەکرێتە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاسایشی بەغدا.
 
-عەلی شەمران خەزعەل. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئاسایشی بەسرا لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لادەبرێت و دەکرێتە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئسایشی پارێزگاکان لە دەزگاکە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 5-7-2023، عارف حەمامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، کە لایەنێکی سەرەکیی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گۆڕانکارییەکانی سەرۆکوەزیران لە دەزگا ئەمنییەکان پێویستن، ئەو گۆڕانکارییە بۆ حکومەت و وەزارەتەکانیش درێژدەبێتەوە و لەماوەکانی داهاتوودا چەند گۆڕانکارییەک لە پۆستە مەدەنییەکانیش دەکرێت"
 
 
هەر سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی کە سوودانی کردوونی، رۆژی چوارشەممە، 5-7-2023، هیشام  روکابی، راوێژکاری میدیایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا نووسی: "قسەکانی دوێنێی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ تیمە وەزارییەکەی لەبارەی بەردەوامیی کارەکان لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتی و تووندکردنەوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ئەمڕۆ رژدبوونی حکومەت لەسەر بەجێگەیاندنی پڕۆسەکانی چاکسازی و پاکتاوکردنێکی گشتگیری کارگێڕی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت نیشاندەدات."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیشە، لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 دەستبەکاربوو. حکومەتەکەی دروشمی چاکسازی هەڵگرتووە و لە ماوەکانی رابردوودا 41 بەرپرسی گۆڕی، کە زۆربەیان بەڕێوەبەری گشتی بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە