گەورەترین پرۆژەی دوای داعش لە پارێزگای نەینەوا کرایەوە

رووداو - موسڵ

پردی خازر، درێژییەکەی 120 مەترە، هەولێر و موسڵ بەیەکدی دەبەستێتەوە و گەورەترین پرۆژەی دوای داعشە لە پارێزگای نەینەوا.

ئەو پردەی لەکۆتایی ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە تەقێنرایەوە، کردنەوەشی هەنگاوێکە بۆ بڕینی رێگایەکی درێژی ئاوەدانکردنەوە، چونکە بەگوێرەی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، سەرجەم ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش دەرهێنراون، پێویستییان بە زیاتر لە 50 ملیار دۆلارە.

مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێ "وەزارەتی پلاندانان بەبێ زێدەڕۆی راپۆرتێکی گشتگیری پێشکەشکردین لەبارەی زیانەکان لەهەموو روویێکەوە. لەسەرجەم ئەو پارێزگایانەی زیانیان بەرکەوتووە، قەبارەکەش بە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. هەندێک کاری خەمڵاندنیش باس لە 100 ملیار دۆلار دەکات. لەم قۆناخەدا بۆ ئێمە گرنگ نییە ژمارەکان لە چ ئاستێکدا دەبن، گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە؛ چۆن خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەین".

موسڵی دوای خەلافەت بە وێرانی دەردەکەوێت، بە گوێرەی بەدواداچوونی ئیدارەی شارەکەش، وێرانکاری لە لای راستی موسڵ 30 هێندەی لای چەپە، واتا ئەگەر یەک ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی لای چەپ خەرج بکرێت، دەبێت 30 ملیۆن دۆلار بۆ لای راست دابینبکریت، ئەو ژمارانەش ئەوە دەردەخەن کە ئێستا موسڵ یەکێکە لە وێرانترین شارەکانی جیهان.

نەوفەل حەمادی، پارێزگاری نەینەوا جەخت دەکاتەوە لەوەی "قەبارەی زیانەکانی بەشی راست بەراورد لەگەڵ بەشی چەپ 30 هێندە دەبێت. مەبەستم لە ماڵوێرانی ژێرخانی شارەکە، خانووبەرەی هاووڵاتییان و فەرمانگە حکومییەکانە. دووپاتی دەکەمەوە بەشی راست 30 هێندەی بەشی لای چەپ زیانی بەرکەوتووە".

هەفتەی داهاتوو‌ لە واشنتن-ی پایتەختی ئەمریکا کۆنگرەیەکی تایبەت بە ئاییندە و ئاوەدانکردنەوە عێراق سازدەکرێت، بەشێکی گرنگیشی تایبەت دەبێت بە پرسی ئابووری، ئەمەش بۆ هاندانی کۆمپانیا بیانییەکانە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، باس لەوەش دەکرێت، چۆن بەشێکی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەکەوێتە ئەستۆی بانکی ناوەندی عێراق و، بەشەکەی دیکەشی دەکەوێتە ئەستۆی وڵاتانی هاوپەیمان.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار