رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ حکومەتی ئەڵمانیا کاروانێکی دیکەی لە پەناخوازانی دیپۆرتکردوە و گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، زۆرینەی ئەو پەناخوازانە کوردی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن.
عیرفان کەریم، نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقی لە ئەڵمانیا، رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی ئەو رێککەوتنە نهێنییەی لەنێوان ئەڵمانیا و عێراق هەیە، ئەمڕۆ ئەڵمانیا کاروانێکی دیکەی پەناخوازانی کورد و عێراقیی ناردەوە بۆ بەغدا، ئەو پەنابەرانە 20 کەسن، زۆرینەیان کوردن، ژن و منداڵیشیان تێدایە."
بەگوتەی عیرفان کەریم، ئەوانەی دیپۆرتکراونەتەوە، زۆربەیان زیاتر لە 10 ساڵ بوو لە ئەڵمانیا بوون، بەڵام مافی پەنابەرییان پێنەدرابوو، رەتیشیکردەوە ئەوانەی نێردراونەتەوە پێشینەی تاوانیان هەبووبێت.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان عێراق و ئەڵمانیا کراوە، ئەڵمانیا بەنیازە چوار هەزار پەناخوازی کورد و عێراقی دیپۆرت بکاتەوە.
عیرفان کەریم دەڵێت: "لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 220 کورد و عێراقی لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکە نێردراونەتەوە بۆ عێراق، ناردنەوەش بەردەوام دەبێت."
ئەو کەسانەی نێردرانەوتەوە داواکارییەکانیان بۆ مافی پەنابەرێتی رەتکراوەتەوە، ناردنەوەشیان بەگوێرەی قسەکانی نوێنەرەکەی فیدراسیۆن بێت، بەهۆی ئەوەیە ئەڵمانیا پێیوایە دۆخی ئەمنی و ژیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەندە خراپ نییە تاوەکو ئەوان نەتوانن تێیاندا بژین.
ساڵی رابردوو عێراق و ئەڵمانیا رێککەوتنێکیان بۆ ناردنەوەی پەناخوازان کرد، رێککەوتنەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە، لە نێوان محەممەد شیاع سوودانی و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا واژۆ کرا.
زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیای رووداو، بۆ پرسی گەڕاندنەوە و گەڕانەوەی دڵخوازی کۆچبەران پرسیاری لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کردووە و بە نووسراو وەڵامیان داوەتەوە کە، ''لە 31ـی ئاداری 2024، 279 هەزار و 49 هاووڵاتیی عێراقی لە ئەڵمانیا دەژین کە 22 هەزار و 757 کەسیان مافی مانەوەیان پێ نەدراوە''.
بەپێی وەڵامەکەی وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 222 کەس گەڕێندراونەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ