بەغدا بە مەرج قەرزی نیشتەجێبوون دەداتە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق رایدەگەیێنێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان قەرزی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێ، ئەگەر لە ناوچەکانی عێراق زەوی بکڕن.
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 زیا مەوجد، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق لە وەزارەتی ئاوەداکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراق لەکاتی بەشدارییکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "سندوقی نیشتەجێبوونی عێراق قەرز دەداتە هاووڵاتیان بۆ دروستکردنی خانوو، یاخود نۆژەنکردنەوەی. دەتوانن قەرز بە کۆمپانیاکانیش بدەن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون؛ بەڵام ئێستا تەنیا قەرزە بە هاووڵاتیان دەدەن".
قەرزەکە بێ زیادەیە، تاوەکو 60 ملیۆن دینارە، دەبێت قەرزەکە لە ماوەی 15 ساڵدا بدرێتەوە.
ئەو قەرزە بەش بەش خەرج دەکرێ، بە گوێرەی رادەی تەواوکردنی خانووەکە، لەگەڵ دەستپێکردنی 30٪ ی قەرزی یەکەمی پێدەدرێ، بە تەواوکردنی بنمیچی خانوو 40٪ و دوای تەواوکردنی خانووەکەش 30٪کەی دیکەی پێدەدرێ.
داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرزەکە لە رێگەی ماڵپەری ئوور پێشکێش دەکرێ کە سەکۆی فەرمی دەوڵەتی عێراقە.
سندوقەکە ساڵانە پلانی بۆ هەموو پارێزگاکان رادەگەیێنێ. هاووڵاتی دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات. لەبارەی مەرجەکان زیا مەوجد، گوتی: "هاووڵاتیی عێراقی، تەمەنی 18 ساڵ، تاپۆی زەوی، مۆڵەتی دروستکردن، چەسپاندنی سنووری زەوی و فۆرمی بەڵێننامە، فەرمانبەر خۆی کەفیلی خۆیەتی، ئەگەر فەرمانبەریش نەبێ، پێویستە فەرمانبەرێک کەفالەتی بکات و لەگەڵ هەندێک بەڵگەنامەی دیکە".
ساڵی رابردوو زیاتر لە 20 هەزار کەس ئەو قەرزەیان وەرگرتووە و کۆی گشتی قەرزەکەش گەیشتووەتە یەک تریلیۆن دینار. بەڕێوەبەری سندووقی نیشتەجێبوون گوتی: "لە 2024 چاوەڕوان دەکرێ 17 هەزار کەس ئەو قەرزە وەربگرن، زیاتر لە 90 ملیار بێ، بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان و هێڵی هەژاری قەرزەکە بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێ".
سەبارەت بە پێدانی ئەو قەرزە بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، زیا مەوجد ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو قەرزە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە؛ بەڵام خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەگەر زەوی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکڕن و بەناویان بێت، دەتوانن داوای قەرز بکەن".