وەزارەتی ناوخۆ بۆ رووداو: زنجیرە خواردنگەی KFC لە عێراق دانەخراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیدەکاتەوە زنجیرە خواردنگەی کەی ئێف سی داخرابێت.
بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە زنجیرە خواردنگەی کەی ئێف سی لە شاری بەغدا داخراوە. کەی ئێف سی سێ لقی لە بەغدا هەیە کە دەکەونە ناوچەکانی فەلەستین، کەڕادە و جاردیە.
لەوبارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 05-06-2024 تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە عەمید ميقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە کرد و ئەویش ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، "هەواڵی لەو جۆرە راست نییە."
کەی ئێف سی- KFC، زنجیرە خواردنگەیەکی ئەمریکی تایبەت بە خواردنی خێرایە و نووسینگەی سەرەکی لە کێنتاکی ئەمریکایە، بە دووەم گەورەترین زنجیرە رێستۆرانتەکانی خواردنی خێرا لەدوای میکدۆناڵدز دادەنرێت.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، لە ماوەی 10 رۆژدا چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر بەشێک لە خواردنگەکان لە بەغدا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی ئەو هێرشانەوە دەڵێت، ژمارەیەک کەسیان دەستگیر کردووە کە زیاتر لە جارێک هێرشیان کردووەتە سەر خواردنگەکانی کەی ئێف سی، چیڵی هاوز، پەیمانگەی کامبریج و کۆمپانیای کاتەر پیلار.