نێرگەلەکێشان لە شوێنە گشتییەکانی کەربەلا لە ژنان قەدەخە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کەربەلا نێرگەلەکێشان لە کافتریاکان و شوێنە گشتییەکان لە ژنان قەدەخە دەکرێت، بەرپرسە شیعەکانی کەربەلا دەڵێن لێرە مەزاری ئیمام حوسەین هەیە بۆیە "جائیز" نییە ژنان لە دەرێ نێرگەلە بکێشن، لەبەرامبەردا چالاکوان و ژنە نێرگەلەکێشەکانی پارێزگاکە ناڕازین و دەڵێن "ئێمەش وەک پیاوەکان مرۆڤین، بۆ لە ئێمەی قەدەخە دەکەن؟".
بەگشتی نێرگەلەکێشان لە شەقامە گشتییەکانی پارێزگەی کەربەلا لەلایەن ژنانەوە دیمەنێکی نامۆ و دەگمەن نەبوو، بەتایبەتی ئەوانەی بۆ بەسەربردنی کات شەوانە سەردانی کافتریاکانیان دەکرد، بەڵام ئێستا بەرپرسانی ئەو پارێزگەیە بڕیارێکیان دەرکردووە کە کێشانی نێرگەلە بۆ ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەخە دەکات.
ئەسرا ئەدیب، دانیشتووی کەربەلا دەڵێ "نێرگەلە بە شەرع و یاساش قەدەخەکراو نییە و نابێتە هۆی بێهۆشبوون. (نێرگەلە) بە هۆشبەر یان شتێک کە زیان بە مێشک دەگەیێنێت، دانانرێت. بۆیە ئەم بڕیارە ئازادیمان قۆرخ دەکات و پێموایە بڕیارێکی هەڵەیە".
هاندەری سەرەکیی دەرکردنی ئەو بڕیارە؛ بەپیرۆزدانانی کەربەلایە لەلایەن موسڵمانە شیعە مەزهەبەکانەوە بەهۆی هەبوونی گۆڕی حوسێن، کوڕەزای پەیامبەری ئیسلام. چالکڤانانی مافی مرۆڤیش سەرکۆنەی بڕیارەکە دەکەن و دەڵێن "ئەمە دزینی مافی ژنانە".
ئیقبال عەباس، بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی عێراق لە کەربەلا دەڵێ "بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە و بڕیاری بەرپرسانی کەربەلا بۆ قەدەخەی کێشانی نێرگەلە لەلایەن ژنانەوە، دزینی مافە لە ژنان. ئێمە وەکو نووسینگەی مافی مرۆڤ، نووسراوێک بۆ ئەمینداریێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزدەکەینەوە، تاوەکو پێیان رابگەیێنین مافی ژنان لە کەربەلا دزراوە".
ئێستا، بڕیارەکە لە زۆربەی کافتریاکانی کەربەلادا جێبەجێ دەکرێت، بۆیە بە دەگمەن ژنیان تێدا دەبینرێت. جگە لەو بڕیارەش، شۆفێریکردن یان سواربوونی ماتۆڕسکیلیش لەو پارێزگایە، بۆ ژنان قەدەخەیە.