لە عێراق بەرهەمهێنانى پاقلە 21.6% زیادیکردووە و تەڕەپیازیش 22.2% کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى ئامارى دەزگاى ناوەندى ئامارى عێراق، بەرهەمێنانی پاقلە زۆرترین رێژەى زیادبوونى تۆمار کردووە و گەیشتووەتە %21.2 بووە لەکاتێکدا نزمترین ئاستى بەرهەمهێنان تەڕەپیاز بووە و 22.2%ى بەرهەمەکەى کەمیکردووە.
رۆژی 5ى حوزەیرانى 2023 دەزگاى ناوەندى ئامارى عێراق ئامارى بەرهەمهێنانى بەروبوومە کشتوکاڵییەکانى بۆ ساڵى 2022ی بەراورد بە بەرهەمهێنانى ساڵى 2021 بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى ئامارەکە، زۆرترین بڕى زیادبوونى بەرهەمى کشتوکاڵى پاقلە بووە کە 21.2% زیادیکردووە بەراورد بە ساڵى پێشتر و 41 هەزار تۆن بەرهەمهێندراوە، بەڵام بەرهەمى تەڕەپیاز 47 هەزار تۆن بووە، لەکاتێکدا ساڵى 2021 بڕەکەى زیاتر لە 60 هەزار تۆن بووە. واتە 22.2% کەمیکردووە.
بەرهەمهێنانى شوتى 16.4٪ زیادیکردووە، کە 440 هەزار تۆن بەرهەمهێندراوە، بەرهەمى کولەکە بە هەموو جۆرەکانیانەوە 9% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 39 هەزار تۆن.
بەگوێرەى ئامارەکە، بڕى بەرهەمهێنانى زۆرینەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەم بووەتەوە، لەوانە کاڵەک 12% کەمیکردووە، باینجان 15% و تەماتەش 15.3% کەمیکردووە.