148 خێزانى کەسوکارى داعش لە کامپی هۆلەوە گەڕێندرانەوە عێراق

05-06-2023
هەستیار قادر
گەڕاندنەوەی خێزانەکان لە کەمپی هۆلەوە
گەڕاندنەوەی خێزانەکان لە کەمپی هۆلەوە
نیشانەکردن داعش کەمپی هۆل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاروانێکى دیکەى 148 خێزانیی کەسوکارى چەکدارانى داعش، لە کامپى هۆل لە رۆژئاواى کوردستانەوە گەڕێندرانەوە بۆ کەمپى جەدعە لە نەینەوا، بەرپرسێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت "نزیکەى حەوت هەزار خێزانى دیکەى عێراقى لە کەمپەکەدا ماون".
 
شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئێوارەى رۆژی یەکشەممە (4-6-2023)، کاروانێکى دیکەى خێزانى چەکدارانى داعش لە خاڵى سنووریى رەبیعەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق و دەبرێنە کەمپى جەدعە. 
 
شێروان دووبەردانى گوتیشى "دەبوو لە مانگى ئایارى رابردوو، ئەو خێزانانەى چەکدارانى داعش رادەستى حکومەتى عێراقى بکرانایەوە، بەڵام پرۆسەکە بۆ مانگى حوزەیران دواخرا".
 
ئەو کەسوکارانەى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆل بوون لە شارى حەسەکەی رۆژئاواى کوردستان، کە لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)ـیە، لەدواى گەڕاندنەوەیان، دەبرێنە کەمپى جەدعە لە نەینەوا بەمەبەستى شیاندنەوەیان و پاشان گەڕاندنەوەیان بۆ زێدى خۆیان.
 
4ـی حوزەیرانى 2023، هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، 50 چەکدارى رێکخراوى داعش کە رەگەزنامەى عێراقییان هەیە، لەگەڵ 170 کەسی دیکە کە کەسوکارى چەکدارانى داعش بوون لە کەمپى هۆلەوە رادەستى حکومەتى عێراقى کردووەتەوە.
 
بەگوێرەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، نزیکەى 25 هەزار هاووڵاتیى عێراقى کە کەسوکارى چەکدارانى داعشن لە کەمپى هۆل ماون و زۆرینەیان منداڵن.
 
4ـی ئایاری 2023، عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دواى گەڕانەوەى ئەو کاروانە، نزیکەى حەوت هەزار خێزانى دیکەى عێراقى لە کەمپى هۆل ماون".
 
عەلى جیهانگیر گوتیشى "گەڕاندنەوەى ئەو خێزانانەی ماون، پەیوەستە بە کۆتاییهاتنى قۆناخەکانى شیاندنەوە و گەڕانەوەى ئەو خێزانانەى کەسوکارى داعش کە لە کەمپى جەدعەن، لەدواى ئەوە لایەنى عێراقى هەسەدە ئاگادار دەکاتەوە لەوەى کاروانى دیکەى ئەو خێزانانەیان بۆ بگەڕێننەوە". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە