گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی بوونەتە ئاستەنگی بەردەم دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، بریتییە لە گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان. پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت، ئەگەر ویست هەبێت، لایەنە شیعەکان دەتوانن بە یەک رۆژ بڕیار بدەن و بگەڕێنەوە سەر رەشنووسەکەی حکومەت.
 
"پشکی هەرێمی کوردستان ئاستەنگی بەردەم دەنگنەدان لەسەر پڕۆژەیاساکەیە"
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە، 5-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاستەنگێکی بەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، گواستنەوەی پارەیە لە کەرتی حکومییەوە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، کێشەی "گواستنەوەی پارە لە کەرتی حکومییەوە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان بە دوو کاژێر چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەوەی ئاستەنگی سەرەکییە پشکی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی لیژنەی داراییە لە مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان".
 
جەمال کۆچەر گوتی، "رێککەوتن لەسەر مادەی 13 کراوە و هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتەکەی نییە، ئینجا هەناردەبکرێت یان ئەوەی لە نێوخۆدا بەکاربهێنرێت، واتە رازییە بەوەی نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بکات؛ ئەوەی دەمێنێتەوە مادەی 14ـیە."   
 
رۆژی 25-5-2023 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراقی پەسندکرد کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و دەستکاریی ژمارەیەک بڕگەی ئەو دوو مادەیەی کرد؛ دەستکاریکردنەکە گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە نەوت (داهات، هەناردە، هەژماری بانکی، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و نەینەوا)، بەکارهێنانی داهات و راکێشانی، پاشەکەوتی مووچە و چەند بابەتێکیان دیکە لەخۆدەگرێت، کە تەواو جیاوازن لەو رەشنووسەی حکومەتی عێراق رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کردبوو. 
 
پەرلەمانتارێکی عەسائیب: بەهۆی هەرێمی کوردستانەوە کارەکانی لیژنەی دارایی وەستاون 
 
سامر زیبان حەمدانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 04-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستانەوە کارەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەستاون و تائێستا لایەنەکانیش لەو بارەوە رێکنەکەوتوون".
 
سامر زیبان کە پەرلەمانتاری بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی گوتی، "ترسی ئەوە هەیە هەرێمی کوردستان خۆی لە بڕیارەکەی دادگەی پاریس و دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بدزێتەوە. لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەوڵدەدات بڕگەی وەها لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دابنێت، کە مافی گەلی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە بپارێزێت بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا ناکۆکی دروست نەبێت و کاروبارەکان بەشێوەیەکی روون رابپەڕێنرێن، بێ ئەوەی کێشە دووبارەبووەوەکان رووبدەن".
  
پەرلەمانتارێکی پارتی: کەسانێک دەیانەوێت رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تێکبدەن
 
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام بەهێواشی بەڕێوەدەچن و نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. ئەگەر نیاز هەبێت لایەنە شیعەکان دەتوانن بە رۆژێک بڕیار بدەن و بگەڕێنەوە سەر رەشنووسەکەی حکومەت و پەرلەمانتارەکانیان رابسپێرن بۆ ئەوەی دەستکاری پشکی هەرێمی کوردستان بکەنەوە و دەنگی لەسەر بدەنەوە، بەمەبەش کێشەکە چارەسەر دەبێت".
 
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، نەرمینواندن هەیە و لایەنە شیعەکان پێداگر نین لەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بەم شێوەیەی ئێستا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام پێناچێت ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت. 
 
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم پشکی هەرێمی کوردستان، سیپان شێروانی دەڵێت، "هەرێمی کوردستان پابەندە بە رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە، بەڵام کەسانێک دەیانەوێت ئەو رێککەوتنە تێکبدەن. ئەو کەسانە نایانەوێت هیچ کاتێک کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بن کە سوودانی هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات، ئەگەرنا هەرێمی کوردستان 100٪ پابەندی رێککەوتنەکەیە".   
 
"لیژنەی دارایی 6ـی مانگ کۆدەبێتەوە"
 
هەرچەندە بە بڕیاری شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کارەکانی لیژنەی دارایی راگیراون، بەڵام جەمال کۆچەر دەڵێت، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژى 6ـی حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ ئەوەى لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی خشتەى گواستنەوەى بودجە لەنێوان کەرتەکانى بودجە، بەڵام مەرج نییە لە کۆبوونەوەکەدا بەگشتی دەنگ لەسەر تەواوی پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت. 
 
رۆژی 1-6-2023 د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا چارەسەر دەبێت".
 
مادەى 14ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق تایبەتە بە پشکى هەرێمى کوردستان و چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی فرۆشتنى نەوت و داهاتەکەى، کە تائێستا داڕشتەى کۆتایی رێککەوتنى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەبارەیەوە نەگەیشتووەتە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق.
 
جەمال کۆچەر گوتی، ئەگەر 6ـی حوزەیران لیژنەکەیان دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى بدات، رەوانەى سەرۆکایەتى پەرلەمان دەکرێت بۆ دیاریکردنى رۆژێک بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەوەى بخرێتە دەنگدانەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە 9ـی حوزەیران، دوا رۆژى کارى وەرزى یەکەمى ساڵى دووەمى ئەم خولەى پەرلەمانتارەکانى عێراقە، لەدواى درێژکردنەوەى بۆ ماوەى مانگێک لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بەمەبەستى پەسندکردنى پڕۆژەیاسای بودجە.
 
بەپێی دەستووری عێراق، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە لە وەرزێکی پەرلەمان بوو، ئەوا ئەو وەرزەی پەرلەمان کۆتایی نایەت تاوەکو پڕۆژەیاسای بودجە پەسند نەکرێت.
 
پارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق، زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.