رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هەڵمەتێکی "پووچەڵ" بۆ سەر دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق زیادیکردووە، بە هۆکاری ئەوەی دادگە بەشێوەیەکی ئازایانە مامەڵەی کردووە لەگەڵ دۆسیە مەترسیدارەکانی پەیوەست بە دۆخی سیاسی و ئابووری و یاسادانان، بەوپێیەی دادگەی هەموو عێراقە نەک بەشێکی عێراق.
مالیکی دەڵێت، "ئەو هێزە سیاسییانەی هێرش دەکەنە سەر دادگە، کارێکی مەترسیدار دەکەن، تۆمەتەکانیان پڕوپووچە، دەیانەوێت دادگەی فیدراڵیی [عێراق] بەپێی ئارەزووی خۆیان بێت، پەردەپۆشی کارە نادەستوورییەکانیان بکات".
هاوکات نووری مالیکی دەشڵێت، "ئەمە پەیڕەوێکی خراپە، بەئامانجکردنی دادگە بە هەموو دامەزراوەکانییەوە کارێکی رەتکراوەیە، تانەدان لە رەوایەتییەکەی واتا تانەدانە لە هەموو پرۆسەی سیاسی و کۆتاییهێنانی هێزی پاراستنی پرۆسەی سیاسییە".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەتەواوی دەسەڵاتی دادگەری و دادگەی فیدراڵیی عێراق دەڵێت، "لەسەر رێچکەی حەق بەردەوام بن، گرنگی بە تانە و تەشەر نەدەن. ناکرێت ئەگەر بڕیارەکانی دادگە لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت پیرۆزە، ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوان بدات ئەوا نادەستووری بێت".
لەلایەکی دیکەوە هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایدەگەیێنێت، پەسندنەکردنی یاسای بودجە، خۆلادانە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی هادی عامری، رۆژی 5/6/2022، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر لە کۆڕێکی گفتوگۆکۆکردندا لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی بەدر رایگەیاند، "دادگەی فیدراڵیی [عێراق] مۆڵەتی داوەتە پێشنیازە یاسا لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکێش بکرێت. هاوکات جەخت لەسەر پابەندبوون بە دەستوور دەکەنەوە، چونکە دەرچەی هەموو ئاستەنگییەکانە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش بەهۆی رەوایەتیدان لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە پەسند کرا، بڕوامان بە بڕیارەکانی دادگە هەیە و پێیەوە پابەندین، چونکە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی [عێراق] یەکلاکەرەوەن لە یەکلاکردنەوەی پرسەکان لەگەڵ ئەوەی گومانمان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەبوو".
رۆژی 15-2-2022، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری نادەستووریی بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دا و بڕیاریشیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕای نەوتی بەرهەمێنراوی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ