وەزارەتی تەندروستیی عێراق لینکی دامەزراندنی کاراکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لینکی پێشکێشکردنی دامەزراندنی بۆ ئەو کەسانە کارا کرد کە بەشە پزیشکییەکانییان لە زانکۆکەکانی دەرەوەدا تەواو کردووە.
لینکەکە ماوەی 15 رۆژ کارا دەبێت و دامەزراندنەکەش دەرچووانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوا لەو دەرچووانەی کۆلێژە پزیشکی و تەندروستییەکانی تەکنیکی، پەرستاری و پەیمانگەکانی تەکنیکی و پەرستاری دەکات کە یاسای پلەبەندیی پزیشکیی ژمارە شەشی ساڵی 2000 لە دەرچووانی ساڵانی 2022-2023 دەگرێتەوە و لە زانکۆکانی دەرەوە خوێندوویانە، زانیارییەکانیان لە رێگەی لینکێکەوە بۆ دامەزراندن بنێرن کە بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە.
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو بڕیارى دامەزراندنە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە زانکۆکانی دەرەوەی عێراق خوێندوویانە."
ئەوانەی ئارەزووی دامەزراندنیان هەیە دەتوانن کلیک لێرە بکەن و زانیارییەکان بنێرن. لینکەکە بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ماوەی 15 رۆژ کارا دەبێت.
د. روبا فەلاح، ئەندامی تیمی میدیایی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانەی دەرچووی ئەو کۆلیژ و بەشە پزیشکییانەن کە ئاماژەیان بۆ کراوە، دەتوانن لە هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق فۆرمەکە پڕ بکەنەوە."
ماجید شنگالى دەڵێت: "هەر دەرچوویەکى ئەو زانکۆیانەى دەرەوەى عێراق کە هاونیشتیمانیى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بێت، دەتوانێت داواکارى دامەزراندن پێشکێش بکات، بەو مەرجەى دۆسیەى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق هەبێت بۆ ئەو خوێندنە".
فۆرمەکەی وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک بەشی تێدایە. جگە لە ناوی چواریی کەسەکە، ژمارەی تۆمارکردنی پێشوەختە و پسپۆڕییەکەشی لێ داوا کراوە.
پێشتر لە یەکى ئایاردا وەزارەتى تەندروستیى عێراق دەرگاى پێشکێشکردنی بۆ دامەزراندنى دەرچووانى کۆلێژ و پەیمانگە تەندروستى و پزیشکییەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە کە بۆ ساڵى خوێندنى 2022–2023 کە 15 مانگ کۆتایی دێت.
دامەزراندنەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دانیشتووى کەرکووک و پارێزگاکانى عێراقن و لەو زانکۆیانە خوێندنیان تەواو کردووە.