وەزارەتی نەوتی عێراق: ڤیدیۆی لێچوونی نەوت لە کێڵگەی حەمرین کۆنە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق لێچوونی بڕێکی زۆر نەوت لە کێڵگەی حەمرین لە پارێزگای سەڵاحەدین کە بووەتە هۆی پیسبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان، رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەوەی بڵاوبووەتەوە کۆنە.
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ئاماژە بە بوونی لێچوون لە کێڵگەیەکی نەوتی لە حەمرین، دەکات روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت دەڵێت "لە دوو رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە، هاووڵاتییەک تێیدا ئاماژە بە لێچوونی بڕێکی زۆری نەوت لە کێڵگەی حەمرین دەکات، کە بووەتە هۆی پیسبوونی زەویی کشتوکاڵی و کۆنترۆڵنەکراوە، ئەم بابەتە دوورە لە راستییەوە و ڤیدیۆکە کۆنە."
باسم محەممەد خزەیر، لێچوونەکە دەخاتە ئەستۆی داعش و دەڵێت "ساڵی 2014، داعشی تیرۆریست زیانی بە بۆرییەکانی بیرەکە گەیاند، دواتر نەوت بەرەو دۆڵ و ئەشکەوتەکانی ناوچەکە دزەیان کرد."
ئەو بڕە نەوتەی لێچووە زۆر نەبووە، وەکو بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوت باسی دەکات، هەروەها دەڵێ "بەهۆی رۆیشتنی ئاوەکە و سەرئاوکەوتنی نەوتەکە، وا دەرکەوتووە زۆرە، کاتی خۆی لە رێگەی ژمارەیەک رێکارەوە چارەسەر کراوە و ئەو بابەتە کۆنترۆڵکرا."
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق جگە لە دڵنیاییدان بەوەی ئەو بابەتە نوێ نییە، دەشڵێت "وەزارەتی نەوت بەدواداچوون بۆ هەر دزەکردنێکی نەوتی دەکات و لە رێگەی تیمەکانییەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ژینگە، هەر لێچوونێک هەبێت چارەسەر دەکرێت."
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکات لە دژی ئەو کەسانەی "هەواڵی ناڕاست" بڵاودەکەنەوە و دەڵێت "نابێت ببنە هۆی شێواندنی راستییەکان."
ئایاری ساڵی رابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرینی لە پارێزگای سەڵاحەدین راگەیاند و پێشبینی کرد ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببێتەوە، لەگەڵ 45 مەقمەق لە گازی هاوەڵ.