دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک لە دژی قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان دەکات

05-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى فیدراڵى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک لە دژی قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان دەکات، سکاڵاکاران داوا دەکەن دادگە لە بڕیارێکى پێشووی خۆى پاشگەزببێتەوە.
 
بڕیارە (ئەمڕۆ، یەکشەممە 5ـی ئایاری 2024) دادگەکە لەبارەی سکاڵاکە کۆببێتەوە، کە لەلایەن چوار کەسەوە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە.
 
سکاڵاکاران (مەحما خەلیل، وەلید جاسم بریم، نزار عیسا جبرائیل، غەزوان سالم عیسا)، کە دوو کوردی ئێزدی و دوو کریستیانن داوایان کردووە دادگەکە بڕگەیەکى یاسای داهاتى شارەوانییەکانی عێراق بە نادەستوورى بناسێنێت، کە رێگرى لە مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکانەوە دەکات، هەروەها داواشیان لەدادگەى فیدراڵى کردووە لە بڕیارێکى خۆى پاشگەز ببێتەوە، کە ساڵى رابردوو لەبارەى چەند سکاڵایێکى هاوشێوەوە دەریکردووە.
 
ساڵى رابردوو، 12 سکاڵا لە دژی بڕگەیەکى یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق تۆمارکران، کە هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکات، دادگە هەموو سکاڵاکانى یەکخست و لە 27ـی ئابى 2023، رەتیکردەوە، بەپاساوى ئەوەى دەرکردنى ئەو یاسایە "نادەستوورى" نییە.
 
یەکێک لە سکاڵاکاران بە رووداوی گوت "ئێمە، چاوەڕوانین بڕیار لە بەرژەوەندیی سکاڵاکەمان بدرێت، نازانین ئەمڕۆ بڕیار دەدرێت یان نا."
 
یاساى داهاتى شارەوانییەکان لە ساڵى 2016 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا، بەڵام لە 20ـی شوباتى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
 
لە مادەی 14ـی یاساکەدا هاتووە "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت." 
 
بڕگەی دووەمی ئەو مادەیەش سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن و پێبژاردنى دارایی دیاریکراوە، کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
 
سکاڵاکانى پێشوو لەسەر ئەو بنەمایە بوون، کە ئەو بڕگەیەى یاساى شارەوانییەکان پێچەوانەى بنەماکانى دەستوورە، تایبەت بە ئازادى و ماف تاکەکەسی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.