لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی دوو هێندە زیادی کردووە

05-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی دوو هێندە زیادیکردووە، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش گومانیان لە دروستیی ئەو ژمارانە هەیە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "مووچەخۆرانی عێراق بوونەتە باری گران و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کارەسات روودەدات."
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، لە ساڵی 2012دا سێ ملیۆن و 263 هەزار و 834 کەس مووچەخۆر لە عێراق هەبوون، بەڵام ئێستا زیادیکردووە بۆ 4 ملیۆن و 96 هەزار و 801 کەس، واتە رێژەی مووچەخۆرانی عێراق وەکو ئەوەی لە رەشنووسی بودجەی گشتی عێراقدا هاتووە بەڕێژەی 13٪ بە بەراورد بە ساڵی 2021 زیادیکردووە.
 
حەشدی شەعبی کە لە 2014ەوە دامەزراوە، لە بودجەی ساڵی 2021 ژمارەی چەکدارەکانی 122 هەزار کەس بووە، بەڵام لە رەشنووسی بودجەی 2023، ژمارەکە بووەتە 238 هەزار و 75 کەس، واتە لەو ماوەیەدا 116 هەزار و 75 کەس چەکداری زیادکردووە.
 
رۆژی هەینی، 5-5-2023، محەممەد روبەیعی، سەرۆکی سەنتەری نەهرەین بۆ پشتیوانیکردنی شەفافیەت و دەستپاکی لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لە لیستی مووچەخۆرانی عێراقدا ژمارەی بندیوارەکان زۆر زۆرن، بە دەیان هەزار کەس دەبن، ئەمە بەشی هەرە زۆری وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتی گرتووەتەوە، جگە لەوەش بەشێکی زۆری فەرمانبەران بێکارن یان کارێکی زۆر کەم دەکەن."
 
فایق شێخ عەلی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2020 لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، "ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی تەنیا 48 هەزار کەسە، بەڵام سەرکردەکانیان مووچەی 130 هەزار کەس وەردەگرن، واتە 82 هەزاریان بندیوارن."
 
زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، لەم کەرتانەدان: 
 
- پەروەردە: 963 هەزار و 949 کەس
- هەرێمی کوردستان: 681 هەزار و 979 کەس
- ناوخۆ: 701 هەزار و 446 کەس
- بەرگری: 453 هەزار و 951 کەس
- تەندروستی: 488 هەزار و 263 کەس
- حەشدی شەعبی: 238 هەزار و 75 کەس
- خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: 149 هەزار و 867 کەس
 
سێ تریلیۆن و 500 ملیار دینار لە بودجەی عێراق بۆ حەشدی شەعبی دەبێت.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار دەبێت، لە دەروازەی بودجەی ئاسایش و بەرگری، بودجەیەکی تایبەت بۆ دەستەی حەشدی شەعبی تەرخانکراوە.
 
ئەو پارەیەی لە رەشنووسەکەدا بۆ حەشدی شەعبی دانراوە سێ تریلیۆن و 743 ملیار و 703 ملیۆن و 290 هەزار دینارە کە، بەمشێوەیەیە:
 
- سێ تریلیۆن و 468 ملیار و 754 ملیۆن دینار بۆ مووچە
- شەش ملیار و 521 ملیۆن دینار بۆ پێداویستیی خزمەتگوزاری
- 58 ملیار و 148 ملیۆن دینار بۆ پێداویستیی شمەکی
- 14 ملیار و 578 ملیۆن دینار بۆ چاککردنەوەی ئامێرەکان
 
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و بە فەتوایەکی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان دوای گرتنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014 دامەرزا. حەشد ژمارەیەک گرووپی چەکدارن و بەفەرمی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن، بەڵام بەشێکیان پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە و سەرۆکوەزیرانیش نابن و لە وڵات و شوێنی دیکەوە فەرمان وەردەگرن، زۆرجار بە هۆکاری پشێوی نانەوە تۆمەتباردەکرێن وەکو ئەوەی بەشێک لەو گرووپانە ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر هێزە بیانییەکان بە تایبەتی لە هەولێر، بەغدا و ئەنبار.
 
لە ساڵی 2016 حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو هێزێکی چەکدار ناسێنران و لە پاڵ سوپای عێراق بووەتە هێزێکی فەرمی، زۆر جار بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە ژمارەی راستەقینەی هێزەکانیان دەشارنەوە.
 
"یەک ملیۆن و 500 هەزار سەرباز"
 
لە ساڵانی نێوان 1980 تاوەکو 1985 ژمارەی سەربازەکانی عێراق یەک ملیۆن سەرباز بوو، لە ساڵی 1990 گەیشتە یەک ملیۆن و 390 سەرباز، بەڵام لە دوای داگیرکردنی کوێتەوە ژمارەکە بۆ 475 هەزار کەس کەمیکرد، لە سەردەمی گەمارۆی ئابووریشدا لە ساڵانی 1992 تاوەکو 2002 ژمارەکە بۆ 407 هەزار سەرباز کەمبووەوە، لە کاتی رووخانی بەعسیش ئەو ژمارەیە 432 هەزار کەس بوو.
 
لە ساڵی 2004دا ژمارەی سەربازانی عێراق 179 هەزار سەرباز بوو، لە ساڵی 2012ش گەیشتە 802 هەزار کەس، لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لە لێدوانێکدا لە ساڵی 2016 گوتی، "50 هەزار سەربازی بن دیوار لەنێو هێزە ئەمنییەکاندا هەن."
 
هێزە سەربازییەکانی عێراق جۆراوجۆر و جیاوازن، بەسەر نزیکەی 10 دامەزراوەدا دابەشکراون، ئێستا ژمارەی ئەو هێزانە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار ئەندام زیادیکردووە.
 
ژمارە مووچەخۆرانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لەنێو رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023دا: 
 
- ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی: 14 هەزار و 308 کەس
- دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی: 11 هەزار و 840 کەس
- دەزگای دژەتیرۆر: 23 هەزار و 716 کەس
- دەستەی دەروازە سنوورییەکان: 2 هەزار و 684 کەس
- حەشدی شەعبی: 238 هەزار و 75 کەس
- دەستەی پیشەسازیی جەنگی: 88 کەس
- ناوخۆ: 701 هەزار و 446 کەس
- بەرگری: 453 هەزار و 951 کەس
 
سیپان عەزیز، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە عێراق ژمارەی فەرمانبەران زۆر زۆرن و بەشێکی زۆریان زیادن، ئێستا بەهای بەرمیل تاڕادەیەک جێگیر و بەرزە، بەڵام بۆ ئایندە بەهای نەوت وەکو چەند ساڵی رابردوو داببەزێت، ئەوا عێراق رووبەڕووی کارەساتی گەورە دەبێتەوە و ناتوانێت مووچەی ئەو ژمارە زۆرەی مووچەخۆرانی دابین بکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە