دادگەی فیدراڵی دوو سکاڵای لەبارەی تەمەنی پەرلەمان رەتکردووەتەوە؛ یەکێکیان نەوشیروان مستەفا تۆماری کردبوو

05-05-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ململانێى نێوان سکاڵاکاران و سکاڵالێکراوان لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەبارەى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان بۆ شەشەم دانیشتن درێژبووەوە، لەکاتێکدا پێشتر دادگەکە دوو بڕیارى دژ بەیەکى لەبارەى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان دەکردووە کە یەکێکیان لەبارەی سکاڵایەکی نەوشیروان مستەفا بووە و رێگەى پێداوە، لەوى دیکەشدا بە "نادەستوورى" هەژماری کردووە.
 
دادگە بۆ دانیشتنى داهاتووى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقى خستووەتە نێو دۆسیەکەوە کە دەیەوێت بزانێت ئەو کۆمیسیۆنە دەتوانێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات و چەند کاتیشی پێویستە.
  
زنجیرەیەک دانیشتن 
 
رۆژی 3ـی ئایارى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا دوا بڕیار لەبارەى سکاڵاى دژ بە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان بۆ 24ـی ئایار دوابخات.
 
دواخستنەکە بۆ ئەوەیە کە بۆچوونى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق وەربگرێت سەبارەت بەوەى دەتوانێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات و بۆ هەڵبژاردنەکەش چەند کاتی پێویستە.
 
رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى هەمان ساڵ کۆتایی دەهات.
 
سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، دوای ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران، کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێشکرابوون.
 
دوو بڕیارى دژ بەیەک لە یەک دادگا 
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى پێشتر دوو سکاڵاى لەو جۆرەى چووەتە بەردەم کە تایبەتن بە درێژکردنەوەى تەمەنى ئەو دامەزراوانەى کە لەسەر بنەماى هەڵبژاردن دیاری دەکرێن، بەڵام بڕیارەکانى لەبارەی دوو سکاڵاکە پێچەوانەى یەکدى بوون.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە ساڵى 2009 سکاڵایەکى نەوشیروان مستەفا، رێکخەرى پێشووى بزووتنەوەى گۆڕانى رەتکردەوە کە لەدژى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان تۆماری کردبوو، دادگەکە دەسەڵاتى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى بە "دەستوورى" دانابوو.
 
لە بڕیارێکى پێچەوانەدا لە ساڵى 2018 دادگەکە داواکارییەکی سەلیم جبوورى، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى عێراقى رەتکردەوە بۆ دواخستنى وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمان.
 
وەعدى مزوورى، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە رووداوى راگەیاند، "رەتکردنەوەى سکاڵاکەى ساڵى 2009 لە دژى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن تیمى پارێزەرانەوە کراوەتە بنەماى بەرگرى لەو سکاڵایەى کە ئێستا لە دژى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە."
 
وەعدى مزوورى گوتیشى، "بەگوێرەى یاسا ئەگەر دادگە پێشتر بڕیارێکى لەسەر دۆسیەیەک دابێت، ئەگەر دۆسێیەکى هاوشێوەى پێشکێش بکرێت هەمان بڕیارى پێشوو جێبەجێدەکات."
 
بە گوێرەى مادەى 105ـى یاسای سەلماندنى عێراقى ساڵى 1979، ئەو بڕیارانەى کە لە دادگە عێراقییەکان دەرکرابن و پلەى کۆتاییان وەرگرتبێت دەبنە پاساو بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەى هاوشێوە.
 
هاوکات لە مادەى 45ـی پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کە لە ساڵى 2022 پەسندیکردووە، ئەگەر دادگە بە گرنگى زانى و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتى و دەستوور، دەتوانێت بڕیارێکى پێشووى خۆى بگۆڕێت، بەو مەرجەى ئەو هەنگاوە کاریگەرى نەبێت لەسەر سەقامگیریی ناوەندە یاساییەکان.
  
سیناریۆى دواى هەڵوەشاندنەوەى یاساکەى پەرلەمان
 
دوو سیناریۆ لە بەردەم دادگەى باڵاى فیدراڵین، یان ئەوەتا سکاڵاکە رەتبکاتەوە یان درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت.
 
لە ئەگەرى روودانى سیناریۆى دووەم، پرسی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەو کۆمسیۆنەى سەرپەرشتی دەکات دەبێت گرێیەکى دیکە بەتایبەت کە چەند لایەنێکى سیاسیى لە هەرێمى کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دەبێت یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 1991 هەموار بکرێتەوە، ئەوە جگە لەوەى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستان لە 23ـی کانوونى یەکەمى 2019 وادەى کارکردنیان تەواوبووە، بەبێ ئەوەى کارابکرێتەوە کە لە دەسەڵاتى پەرلەماندایە. 
 
دانا دارا، پسپۆڕى یاسایی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق یاساى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، یەکێک لە کاریگەرییەکانى ئەوەیە کە دەبێت ئەم خولەى پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و ئەندامەکانى خانەنشین بکرێن.
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە 26ى ئەیلوولى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق سکاڵایەکى بۆ هەڵوەشاندنەوەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان رەتکردەوە، بەڵام وشەى دەسەڵاتى تایبەتى ئەنجامدانى راپرسى و هەڵبژاردنى لە هەرێمى کوردستان لەیاسای کۆمسیۆنەکە بە نادەستوورى لە قەڵەمدا.
 
دانا دارا گوتى: "بە گوێرەى ئەو بڕیارەى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ لێسەندنەوەى ئەو دەسەڵاتە لە کۆمسیۆنەکەى هەرێمى کوردستان وادەکات کە پرۆسەى هەڵبژاردن بچێتە دەست کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و ئەو هەنگاوەش بە گوێرەى یاساى هەڵبژاردنى ساڵى 1992 چونکە پەرلەمان دەسەڵاتى هەموارکردنى نامێنێت."
 
26ـی ئادارى 2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆژی 18ی تشرینى دووەمى دیاریکرد وەک وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەکاتێکدا ھێشتا ناکۆکییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن چارەسەر نەکراون، بە تایبەت کورسیی پێکهاتەکان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سواڵکەرێک لە شەقامێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزیری کاری عێراق رازی دەبێت مووچە بۆ سواڵکەر ببڕدرێتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رەزامەندی دەربڕی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە بگرێتەوە دەرۆزەکەر(سواڵکەر)ن. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "بەشێک لەو سواڵکەرانە لەلایەن باندەکانی مافیاوە بەکاردەهێندرێن."