کتێبی 'نێرگز لە دۆزەخی ئەنفال' بە زمانی عەرەبی لەنێو پەرلەمانی عێراق بە خوێنەران ناسێندرا

05-05-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کتێبی "نێرگز لە دۆزەخی ئەنفال" بە زمانی عەرەبی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا دابەشکرا. کتێبەکە باس لە ئازارەکانی گەلی کورد لە کاتی تاوانی ئەنفالدا لە زمانی نێرگزەوە دەکات کە خۆی رزگاربووی تاوانەکەیە. کوڕێکی نێرگز دەڵێت، دایکی لە تاوانی ئەنفالدا بە بەرد ناوکی 400 منداڵی بڕیوە. وەرگێڕی کتێبەکەش گوتی، کتێبەکەی کردووە بە عەرەبی بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی عەرەبیش بزانن چی بەسەر کورددا هاتووە.
 
لە دوو رۆژدا نزیکەی 700 کتێبی "نێرگز لە دۆزەخی ئەنفال" لە بەغدا دابەشکرا کە لەکاتی دابەشکردنەکەیدا نێرگزخان خۆی ئامادە بوو و، واژۆی لەسەر کتێبەکان کرد. ئارام محەممەد، کوڕی نێرگز و سەرۆکی رێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال رۆژی هەینی 5ـی ئایاری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ 300 کتێبمان لە کتێبی 'نێرگز لە دۆزەخی ئەنفال' بردە شەقامی موتەنەبی بەغدا و پێشوازییەکی باشی لەلایەن چینێکی رۆشنبیر و خوێنەرەوە لێکرا."
 
ئارام محەممەد گوتی، وەک رێکخراوەکەیان داوایان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کرد هاوکارییان بکەن پێشەنگایەکی تایبەت بە ئەنفال لە پەرلەمانی عێراق بکەنەوە و لەو پێشەنگایەدا کتێبەکەیان دابەشکردووە؛ گوتیشی: "لە پێشەنگەکەدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئامادەبوو نزیکەی 400 کتێبمان دابەشی سەر پەرلەمانتاران و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کرد؛ بەشێوەیەک پێشوازی لێکرا لە چاوەڕوانی ئێمەدا نەبوو".
 
کتێبی "نێرگز لە دۆزەخی ئەنفال" لە نووسینی عارف قوربانییە و جومعە جەباری کردوویەتی بە عەرەبی.
 
جومعە جەباری، وەرگێڕی کتێبەکە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرگێڕانی کتێبەکە بۆ عەرەبی بۆ ئەوەیە خەڵک لە ئازارەکانمان تێبگات. ئێمەی کورد خۆمان لە ئازاری خۆمان تێدەگەین و گرنگە نەتەوەکانی دیکەش لێی تێبگەن. چەندین ساڵە بە عەرەبی دەنووسم و ئێستاش بە تایبەتی عەرەب زۆریان نازانن چی بەسەر کوردا هاتووە؛ بەوانم گوتووە کە ئێوە سەدام نەیهێشتووە بزانن چیمان بەسەردا هاتووە".
 
جەباری ئاماژەی بەوەکرد کە پەرلەمانی عێراق ناوەندێکی بڕیاردانی عێراقە و بە مەبەست کتێبەکەیان بردووەتە ئەوێ. گوتیشی: "بۆ رۆشنبیران و نووسەرانی کورد گرنگە ئەوانەی زمانزانن بە زمانی دیکە جگە لە کوردی بنووسن، بۆ ئەوەی هەمووان بزانن کورد بۆ داوای ماف دەکات و لە رابردوودا چی بەسەرهاتووە".
 
کتێبەکە تایبەتە بەو کارەساتانەی رووبەڕووی کورد بوونەتەوە لە کاتی تاوانی ئەنفالدا. کارەکتەری کتێبەکە نێرگزە کە لەو سەردەمەدا مامان بووە. ئارامی کوڕی دەڵێت: "دایکم ناوکی زیاتر لە 400 منداڵی لەکاتی ئەنفالکردندا بە بەرد بڕیوە؛ زۆرینەیان دواتر بەهۆی نەبوونی خواردنەوە گیانیان لەدەستدا". جەباریی وەرگێڕیش گوتی: "پوورە نێرگز لەو کتێبەدا سات بە ساتی تاوانی ئەنفال و ئازارەکان دەگێڕێتەوە".
 
جومعە جەباری لە ساڵی 1969 لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک لەدایکبووە و لە ساڵی 1996 لە دەزگای گوڵان دەستی بە کاری رۆژنامەڤانی کردووە و لە چەندین رۆژنامەدا بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی کاری کردووە.
 
کتێبی "نێرگز لە دۆزەخی ئەنفال" لە ساڵی 2022 وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی و چاپکراوە. جەباری پیشتر کتێبێکی دیکەی لەسەر پرسی ئەنفال لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردی و ئێستاش کتێبێکی ئامادەیە لەسەر پرسی ئەنفال بۆ چاپکردن و چاوەڕوانی هاوکارییە بۆ لە چاپدانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە