رووداو دیجیتاڵ
هەزاران کەس لە لایەنگرانی سەدر لە بەغدا چوونە بەردەم مزگەوت و حوسەینییەکان و پێشوازییان لە واژۆکارانی پەیماننامە دەستنووسەکەی موقتەدا سەدر کرد کە بانگەشە بۆ پابەندبوونی هەمووان دەکات بۆ رێبازی باوکی، دوور لە بیروباوەڕی کرچ و کاڵی ئەو گرووپەی ناویان لەخۆناوە "خاوەن دۆز".
شێخ حەیدەر ساعیدی، پیاوی ئایینی سەر بە رەوتی سەدر دەڵێت، "ئەگەر ئێستا ناوەڕۆکی پەیماننامەکە بخوێنیتەوە بۆت دەردەکەوێت کە دەستەواژەی تەواوکاری لەخۆدەگرێت. وەک دوورکەوتنەوە لە ئەهریمەن و تایفەگەری و بیروباوەڕە لەکار لادراوەکان. هەروەها بەڵێننامەیەکە لەنێوان خۆت و خوای گەورە بۆ ئەوەی لەسەر ئەم رێبازە بەردەوام بیت و پابەندیی رێبازی هەردوو شەهیدی سەدر بیت."
سیاسەتڤانانی رەوتی سەدر پێیانوایە، پەیماننامەکە مۆرکی ئایینی و بیروباوەڕە و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە. ئامانج لەم پەیماننامەیە کە بەخوێن واژۆیان کردووە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران و ئەو کەسانەیە کە نایانەوێت ئاشتی بۆ عێراق بەدی بکرێت.
حاکم زاملی، جێگری یەکەمی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، "لە راستیدا ئەم پەیماننامەیە سیاسیی نییە، بەڵکو پەیماننامەی نوێکردنەوەی بەڵێنە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراق شانبەشان و پێکەوە هاوئاهەنگ بن لەپێناو بەرگرتن لە دووبەرەکی و هەموو ئەو خراپەکارییانەی روودەدات کە وڵات بەرەو قەیرانی مەترسیدار و ئاڵۆز دەبات. پیلان لە دژی عێراق و سامان و رۆڵەکانی هەیە و جیهان و ناوچەکەش بە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت، بۆیە هاوئاهەنگیکردن و شانبەشان کارکردن و واژۆکردنی ئەم پەیماننامەیە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان وەلابنێین و ئارام بگرین و لە رووی ئەو کەسانەدا بوەستین کە دژایەتیی ئەو چاکسازییانەی سەید موقتەدا سەدر دەکەن."
منداڵان، ژنان، پیر و گەنجان بەدەم بانگەوازەکەی سەدر چوون بۆ واژۆکردنی ئەو پەیماننامەیە کە دواتر لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە رادەستی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ