عێراق

کۆبوونەوەی سوودانی بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییە ئابووری و بازرگانییەکانی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
محەمەد شیاع سوودانی، لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی کاریگەرییە ئابووری و بازرگانییەکانی بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا، بۆ زیادکردنی پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان کرد و چەند رێنماییەکی لەوبارەیەوە دەرکرد.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا داتا ژمارەییەکانی وەزارەتی بازرگانی لەو بارەیەوە خراونەتەڕوو، داتاکان ئاشکرایان کردووە، "رێژەی بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی ئەمریکی لەسەر کاڵا عێراقییەکان، لەسەر بنەمای جیاوازی تەرازووی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بنیاتنراوە، نەک بەهۆی باجە گومرگییە سەپێنراوەکانی سەر کاڵا ئەمریکییەکان لەلایەن عێراقەوە."
نووسینگەی سەرۆکوەزیران راشیگەیاندووە، "بەشی گەورەی هاوردەکردنی کاڵا ئەمریکییەکان لە رێگەی بازاڕەکانی وڵاتانی دیکەوە دەکرێت، بەهۆی هەندێک سیاسەتی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە پەیڕەوی دەکەن، لە مامەڵەی بازرگانی کردن لەگەڵ عێراقدا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا چەند رێنماییەکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە خستووەتەڕوو، کە ئەمانەن:
1- کارکردن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەردوولا، لە رێگەی کردنەوەی دەروازەکان بۆ دابەشکەران و ئاژانسە بازرگانییە ئەمریکییەکان، هەروەها چالاککردنی ئاژانسە بازرگانییە عێراقییەکان و مامەڵەی بازرگانی راستەوخۆ لە نێوان کەرتەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
2- کارکردن لەسەر پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان لە نێوان کەرتە بانکی و داراییەکان لە عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە شێوەیەک کە مسۆگەری بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان بکات.
3- ئاراستەکردنی تیمی دانوستاندنکار لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، بۆ پێداچوونەوە بە بنەماکانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئامانجی باشترکردنیان، بە شێوەیەک مسۆگەری بنیاتنانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە هاوسەنگەکان بکات، کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە نێوان هەردوولادا دەستەبەر بکات و هاوبەشیی ئەرێنی پەرە پێبدات.
4- وەزارەتەکانی دەرەوە، دارایی، بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەرپرسیارێتی کردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە ئەستۆ بگرن، بە شێوەیەک کە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و چاودێریکردنی بازاڕە داراییەکان دەستەبەر بکات، راپۆرتی هەفتانەش بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەرز بکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، دووی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە بڕیارێک پێناسی گومرگیی بەسەر هاوردەی ژمارەیەک وڵاتی جیهاندا سەپاند، کەمترینیان 10٪ و زۆرترینیش 49٪ بوو. لەو نێوەندەدا سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی 39٪ـی بەسەر عێراقدا سەپاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ