دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

دوای پێنج جار دواخستن، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری دژەتیرۆری سلێمانی و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کۆببێتەوە.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 07-4-2024، تاوتوێی سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانی و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بکات. 
 
وەهاب هەڵەبجەیی لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 7ى ساڵى 2018 دیاریکراوە، جگە لەوەش سەرجەم ئەو سزایانەی لە دادگەکانی هەولێر لە دژی ئەو دەرچوون، هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادگەکە لە دوو دانیشتنی رابردوودا داوای هیچی لە لایەنەکانی سکاڵاکار و سکاڵالێکراو نەکردووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا بڕیاردانە و هێشتا دیارنییە دادگەکە رۆژی یەکشەممە بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدات.
 
پێشتر لە ساڵی رابردوو و لە دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە، دادگەکە داوای بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دۆسیەکەی کردبوو، دەقی سزاکەی دادگەی هەولێرەوە بۆ وەهاب هەڵەبجەیی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری کارپێکراو لە هەرێمی کوردستان و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف، لەنێو ئەو بەڵگەنامانەدا بوون.
 
دوایین جار دادگەی فیدراڵی کەیسەکەی لە رۆژی 27ـی شوباتی ئەم ساڵ دواخست.
 
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا. لە مادەى 18دا ئاماژە بەوە دراوە، بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی کوردستان.
 
لە ساڵى 2018 پەرلەمانی کوردستان یاساى کارپێکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى دەرکرد، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە کار بەو یاسایە دەکرێت؛ بەبێ ئەوەى ئاماژە بە وادەیەکى دیاریکراو بکات کە تێیدا یاساکە کارا دەبێت، وەکو ئەوەى لە یاساکەى ساڵى 2006 هاتووە، کە بۆ ماوەى دوو ساڵ بووە.
 
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەرکرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
 
پێشتر لە 12ى تشرینى یەکەمى 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی.
 
ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە، بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی، راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە.