27 پەرلەمانتار سکاڵا لەدژى کۆبوونەوەیەکى پەرلەمانى عێراق تۆمار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
27 پەرلەمانتارى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵا لەدژى کۆبوونەوەى 26ـی ئادارى 2023ـی پەرلەمان تۆمار دەکەن، کە تێیدا هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرا.
سکاڵاکە 3ـی نیسانى 2023 لەلایەن27 پەرلەمانتارى سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆن لەدژى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە کۆبوونەوەى ژمارە 16ـی پەرلەمان، سەرۆکى پەرلەمان ژمارەیەک رێوشوێنى گرتووەتەبەر کە نایاسایی و نادەستوورى بوون.
لەو کۆبوونەوەیەى پەرلەماندا بەزۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەموارکرایەوە و لەگەڵ یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کران بە یەک یاسا، ئەمەش لەسەر بنەماى سیستمى سانت لیگۆ بۆ هەژمارى دەنگ، کە جێگەى ناڕەزایی پەرلەمانتارانى ئۆپۆزیسیۆن بوو و، بەهۆیەوە بەشێکیان بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و بەشێکى دیکەشیان لە کۆبوونەوەکە کرانە دەرەوە.
پەرلەمانتارانى سەربەخۆ، پێیانوایە پەیڕەوکردنى سیستمى سانت لیگۆ بۆ دیاریکردنى براوەى هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیى پارتە باڵادەستەکانە و، دەرفەتى سەرکەوتن بۆ سەربەخۆکان کەمدەکاتەوە.
لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا محەممەد خەفاجی، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق لەبەردەم دادگەى باڵاى فیدراڵى دەڵێت: "سەرجەم بەڵگەنامەکان کۆکرانەتەوە و سکاڵا لەلایەن ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانەوە تۆمارکراوە لەبارەى کۆبوونەوەکەى پەرلەمان، کە تێیدا یاساى هەڵبژاردن واژۆ کراوە، ئێمە نوێنەرى زیاتر لە 70 پەرلەمانتارین و، سکاڵامان تۆمار کرد، بریکارنامە بۆ پارێزەران کراوەتەوە بۆ بەدواداچوونى دۆسیەکە".
بەگوێرەى رێکارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، لە ماوەى 15 رۆژدا لە پێشکێشکردنى سکاڵاکە، وادەى یەکەم دانیشتنى دادگە بۆ تاوتوێکردنى ئەو سکاڵایە دادەنرێت.