نەتەوەیەکگرتووەکان: لە 50 ساڵی رابردوودا یەک ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق بێسەروشوێن بوون
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، لە 50 ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق بێسەروشوێن بوون. لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، هۆکاری بێسەروشوێن بوونی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک حوکمڕانی سەدام حوسێن، داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و سەرهەڵدانی چەکدارانی داعش بووە.
رۆژی سێشەممە 4-4-2023، ئەنجوومەنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان U.N. Committee on Enforced Disappearances داوای لە عێراق کرد، قوربانییانی بێسەروشوێن بوون قەرەبوو بکاتەوە و هەوڵ بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانبارەکان بدات.
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە عێراق بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بە تاوان هەژمار ناکرێت.
ئەنجوومەنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە عێراق داوای کردووە "بنەمایەک بۆ رێگریکردن، کۆتاییهێنان و چارەسەرکردنی ئەو تاوانە قێزەونە دابمەزرێنێت."
تاوەکو ئێستا عێراق وەڵامی ئەو راپۆرتەی نەداوەتەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نێوان ساڵەکانی 1968 بۆ 2003 تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا زیاتر لە 290 هەزار کەس کە 100 هەزاریان کوردبوون جینۆساید کراون.
بێسەروشوێن بوون دوای داگیرکردنی عێراقیش بەردەوامی هەبووە؛ مەزەندە دەکرێت لە دوای 2003وە 200 هەزار عێراقی دیارنەمابن کە زۆربەیان لەو بەندینخانانەدا دەستبەسەرکرابوون لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە سەرپەرشتی دەکران.
ئەنجوومەنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەڵێت، بەبێ بڕیاری دادگە خەڵک دەستگیرکراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون. شەپۆلێکی دیکەی دەستگیرکردن دوای ئەوە دەستیپێکرد گرووپە ئیسلامییەکان بە عێراقدا بڵاوبوونەوە.
ئەنجوومەنەکە باس لەوە دەکات، یەکێکی دیکە لە بێسەروشوێنکردنە زۆرەملێکان، دیارنەمانی منداڵانە، بەتایبەت منداڵانی ئێزدی کە دوای ئەوەی دایکیان لەلایەن داعشەوە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر و لەدایکبوون، دوورخراونەتەوە.