شاندی كوردستان لە بەغدا: بەهیچ شێوەیەك ئاڵای كوردستان داناگیرێ

رووداو - بەغدا

ئەندامێكی شاندی كوردستان لە بەغدا رایدەگەیێنێ، بەهیچ شێوەیەك ئاڵای كوردستان لە كەركووك داناگیرێ، ئەگەر بڕیارێكی لەم شێوەیەش بدرێت دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە دەربكرێت.

ئێستا شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بە بەشداری نوێنەری بارزانی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و ئەنجامدانی گشتپرسی لە بەغدایە. شاندەكە لە هەریەك لە فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەكو نوێنەری مەسعود بارزانی پێكهاتووە و، دوو رۆژ لە بەغدا دەمێنێتەوە.

لەبارەی داگرتنی ئاڵای كوردستان كە بەردەوام بەرپرسانی بەغدا داوای دەكەن، رۆژی چوارشەممە 5-4-2017 ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا عەدنان موفتی بەنوێنەرایەتی شاندی كوردستان رایگەیاند "باوەڕناكەم بەهیچ شێوەیەك ئاڵای كوردستان بهێنرێتە خوارەوە، ئەگەر شتی واش رووبدات دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەریبكات و هەر ئەوان دەتوانن ئەو بڕیارە بدەن".

لە وەڵامی پرسیارێكی رووداودا: ئایا گفتوگۆكردن نیگەرانییەكانی بەغدا دەڕەوێنێتەوە؟ عەدنان موفتی گوتی: "هەر ئەوان نا، ئێمەش نیگەرانین. بۆیە دەبێت دابنیشین و وەڵامی پرسیارەكانی ئەوان بدەینەوە. خۆمانیش پرسیارمان هەیە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین. دەبێت بەرژەوەندی هاوبەش رەچاوبكرێت، بەنیسبەت ئێمەش بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان لەپێش هەموو شتێكەوەیە".

لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانی عێراقیش كە بڕیاریدا ئاڵای كوردستان دابگیرێت، عەدنان موفتی گوتی: "بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهەڵە دەزانین، جگە لەوە كەموكوڕی زۆری تێدایە لەڕووی یاساییەوە، بەدواداچوونمان كردووە لە هەنگاوەكانی دوای بڕیارەكە، گوێبیستی ئەوەش بووین لە پەرلەمان هەوڵێك هەیە كارێك بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بكرێت، دەمانەوێت قسە لەسەر ئەوە بكەین". 

لەبارەی ئەوەش بۆچی گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەندامی شاندەكە نین؟ عەدنان موفتی گوتی "تەمەننامان دەكرد لەگەڵمان بن، بەڵام ئەوە دەرەنجامی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتییە، بە بەشداری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم".

گوتیشی "ئامانجمان لە كۆبوونەوەكانی كوردستان ئەوەیە كۆمیتەیەك بە بەشداری سەرجەم لایەنەكان پێكبێت، ئەو كۆمیتەیە بەرپرس دەبێت لە مامەڵەكردن لەبارەی پرسی ریفراندۆم، یان هەر پرسێكی تر پەیوەندی بەوەوە هەبێت؟".

سەبارەت بە سەپاندنی رای زۆرینەش بەسەر كەمینەدا لە پەرلەمان، لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی رووداودا، عەدنان موفتی گوتی "هەر بڕیار و پرسێك پەیوەندی بە كوردستانەوە هەبێت، نابێت بە زۆرینە و كەمینە بێت، ئەگەر وابێت پێویست ناكات ئێمە بەشداری پەرلەمان بكەین، لەبەرئەوەی ئێمە كەمینەین. بۆیە لە 2005 ەوە بڕیار لەسەر ئەو مەبدەئە دراوە، هەر پرسێك پەیوەندی بە دەستوور و گەل و بابەتێكی گرنگەوە هەبێت، پێویستە بە تەوافوق بێت".

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح