رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق 9 تۆمەتباری سەرەکی تۆڕێکی بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە بەغدا دەستگیر کرد. دەزگاکە ئەو تۆڕە بە 'مەترسیدارترین' ناو دەبات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە بازرگان و بڵاوکەرەوەکانی مادەی هۆشبەر و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، هێزەکانمان یەکێک لە مەترسیدارترین تۆڕە تاوانکارییەکانی تایبەت بە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر لە بەغدای پایتەخت هەڵوەشاندەوە."
دەزگاکە ئاماژە بەوە دەکات، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 9 تۆمەتبار دەستگیرکران، کە کەسانی سەرەکی تۆڕەکە بوون، هەروەها لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا تۆمەتبارەکان دانیان بەوە ناوە کە کۆگەی سەرەکییان لە رۆژهەڵاتی بەغدا بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆگەکەدا 3.5 کیلۆگرام ماریجوانا، 220 قوتووی پلاستیکی پڕ مادەی کۆکاین و ژمارەیەک دەمانچە دەستیان بەسەرداگیراوە، هەروەها لە ماڵی یەکێک لە تۆمەتبارەکاندا 458 پارچەی هۆشبەری ترشی لایسێرجیک- LSD دۆزرایەوە.
ترشی لایسێرجیک - LSD؛ ماددەیەکی رەقی بێ رەنگ و بێ تام و بۆنە، بەکارهێنانی بڕێکی کەم لەو مادەیە دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەستی بینین، باری دەروونی و بیرکردنەوەی مرۆڤ تێکبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ