جۆن کێری بۆ رووداو: لەگەڵ عێراق بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان کاردەکەین
رووداو دیجیتاڵ
جۆن کێری بە رووداوی راگەیاند، عێراق یەک لەو وڵاتانەیە بڕێکی زۆر گازی میسان دەکاتە هەواوە. راشیگەیاند، واشنتن و بەغدا کاردەکەن بۆ ئەوەی رێژەی ئەو گازە زیانبەخشانە کەمبکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، جۆن کێری، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "گرووپێک وڵات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەن کە بەشێکی زۆری داهاتیان لە دەرهێنانی نەوت و گازەوە بەدەستدەهێنن، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانە".
جۆن کێری ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق، بەداخەوە، یەکێکە لەو وڵاتانەی بڕێکی زۆر گازی میسان دەردەدات، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاگرەی لە عێراق [لە کاتی بەرهەمهێنانی نەوت] دەکرێتەوە. هەربۆیە بەشێوەیەکی زۆر راستەخۆ لەگەڵ عێراق کارمان کردووە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین ئەو ئاگر و دووکەڵە کەمبکەینەوە. هیشتا زۆر کاریش ماوە لە عێراق بیکەین".
گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و گازی میسان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوی هەیە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ئاژانسی وزەی جیهانی، عێراق ساڵانە 16 ملیار مەتر سێجا ئەو گازی هاوەڵەی لە کاتی بەرهەمێنانی نەوت و گاز بەرهەم دەهێنێت، بەفیڕۆ دەدات، ئەوەش وایکردووە ئەو وڵاتە لەدوای رووسیا ببێتە دووەم وڵات لەڕووی سووتاندن و بەفیڕۆدانی گازەوە.
جۆن کێری دەشڵێت، "ئەوەی ئێستا ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە لانیکەم نەوت بێ دەردانی گازە زیانبەخشەکان بەرهەم بهێنین. پێویستیمان بە گۆڕانکاری لە سەرچاوەی وزە هەیە و دەبێت جێگرەوەمان بۆ ئەوە هەبێت".
لە ساڵی 2015 لە پاریسی فەرەنسا بە نزیکەیی هەموو وڵاتانی دنیا کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕیان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا کرد، لە کۆتاییدا رێککەوتن کە نەهێڵن تێکڕای گەرما زیاتر لە دوو پلە بچێتە سەروو سەردەمی بەر لە پیشەسازیی، واتە پلەی گەرما نەگاتە 15.5 پلەی سیلیزی.
ئەو وڵاتانە لەوە زیاتریش متمانەیان بەخۆیان بوو، گوتیان کە ناهێڵن تێکڕای گەرما بگاتە 15 پلەی سیلیزی، بەڵام ساڵی 2023 تاوەکو 14.98 هات.
لە کۆتایی 2023دا نوێنەرانی زۆربەی وڵاتەکان لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دووبەی بەشداربوون و لە راگەیێندراوی کۆتاییدا دانیان بەوەدا نا کە نەوت، گاز و خەڵووز هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوان و بەڵێنیاندا دووربکەنەوە لە بەکارهێنانیان.
کاریگەری جەنگ لەسەر کەشوهەوا
جۆن کێری لەبارەی کاریگەریی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بۆ رووداو قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت کار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر ژینگە بکرێت.
کێری لەوبارەیەوە گوتی، "جەنگەکە کاریگەری زیاتر لەسەر وێرانکارییە ژینگەییەکان دروست دەکات. کاتێک دامەزراوەکان دەتەقێندرێنەوە، تواناکان بۆ بەدەستهێنانی ئاوی خاوێن، هەوای پاک و هەموو ئەو شتانە نامێنن. هەموو ئەو تەقینەوانەی لەکاتی جەنگدا روودەدەن، زۆر مەترسیدارن".
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگەی ئۆکراینا کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو مادە کیمیاییانەی لە جەنگەکەدا بەکاردەهێندرێن.
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا گوتیشی، "ئاگاداری ئەوەم کە لە ئۆکراینا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی کار لەسەر کاریگەرییە ژینگەییەکانی جەنگەکە بکەن و پلانی دوای جەنگەکە دادەنێن بۆ ئەوەی بتوانن کە هەندێک لە زیانەکانی جەنگەکە کەم بکەنەوە".
تاوەکو ئێستا 12 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ئۆکراینا پرووشکی جەنگەکەی بەرکەوتووە و بەشێک لە دامەزراوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم 15 ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر خاکی ئۆکراینا نەمێنێت.
بەگوێرەی حکومەتی ئۆکراینا، تاوەکو ئێستا زیانەکانی جەنگەکە لەسەر ژینگە و خاکی ئۆکراینا بە 51 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.