نەتەوەیەکگرتووەکان: سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق نیشانەی هیوایە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پاپا فرانسیس گەیشتە عێراق و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق بە نیشانەی هیوا دادەنێن.
یونسکۆ، رێکخراوی پەروەردەیی زانستی و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق وەکو "پەیامێکی ئاشتی و یەکگرتوویی لەسەر بنەمای فرەنەتەوەیی" دێت.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە پاپای ڤاتیکان سەردانی موسڵ بکات و لەوێ نزا بۆ قوربانیانی دەستی داعش بکات. کەریم خان، سەرۆکی لیژنەی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەڵێت، "سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە ئایینییەکان و سەردانکردنی شوێنە ئایینییەکان، پەیامی یەکگرتوویی و ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، بەتایبەتیش ئەوانەی کە لە هەموو بیروباوەڕەکانەوە لەسەر دەستی داعش تووشی ئەشکەنجەدان بوون، لە نێویشیاندا پێکهاتەی کریستیان."
یونسکۆش ئاماژە بەوە دەکات کە سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ شاری موسڵ گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەهۆی ئەوەی کە شارەکە یەکێکە لە کۆنترینەکانی جیهان و بۆ ماوەی چەندین سەدە ناوەندی کولتووری و ئایینی تەواوی جیهان بووە، هەروەها لە ماوەی خەلافەتی خۆڕاگەیێندراوی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 خەڵکی شارەکە دووچاری دەردەسەریی گەورە بوو.
رۆژی هەینی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە رۆمای ئیتاڵیاوە بە فڕۆکەیەک بەرەو عێراق کەوتەڕێ و کاژێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رێوڕەسمێکی تایبەت پێشوازی لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کازمی، پاپا فرانسیس بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا بەڕێکەوت و لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لێکرا. هاوکات لە نووسینگەی تایبەتی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆبووەوە.
هەر لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا، لە هۆڵی کۆبوونەوەکان، پاپا فرانسیس لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، دیپلۆماتکار و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکێشکرد. باسی گەندەڵی و بنبڕکردنی چەک و کوردانی ئێزدی کرد. گوتی ئەو پەیامی ئاشتی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ عێراق.
هەر ئەمڕۆ هەینی پاپا فرانسیس سەردانی کەنیسەی سەیدە ئەلنەجاتی کرد و لەوێش گوتارێکی پێشکێشکرد.
6ـی ئاداریش کە دەکاتە رۆژی شەممە، پاپا فرانسیس سەردانی نەجەف دەکات، دواتر دەچێتە ئور و پاشان دەگەڕێتەوە بەغدا. لەکاتی چوونی بۆ نەجەف، لەگەڵ ئایەتوڵلا سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
پاشان بە فڕۆکە لە نەجەفەوە بەرەو ناسرییە بەڕێدەکەوێت و لەوێشەوە دەچێتە شاری ئور. هاوکات دوای نیوەڕۆکەی دەگەڕێتەوە بەغدا و لە کەنیسەی قەشە جۆزێف نزا و نوێژی بە کۆمەڵ دەکات.
رۆژی 7ی ئادار، پاپا فرانسیس بەیانییەکەی لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت. لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێدەکرێت و هەر لەوێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەگەڵ پیاوانی ئایینی و ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبێتەوە. دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. بەپێی ئەو خشتەیەی کە دانراوە، کۆبوونەوەی پاپا فرانسیس و مەسرور بارزانیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێت.
دواتر پاپا فرانسیس بە هێلیکۆپتەر بەرەو موسڵ بەڕێدەکەوێت و لە دوای گەیشتنی نزا بۆ قوربانیانی جەنگ لە مەیدانی کەنیسە (حوش البیعة)دا دەکات.
- لە موسڵ بە هێلیکۆپتەر دەچێتە قەرەقۆش لەگەڵ پێکهاتەی کریستیانەکان لە کەنیسەی (تاهیرە) لە قەرەقۆش کۆدەبێتەوە.
دواتر دەگەڕێتەوە هەولێر و دوای نیوەڕۆکەی لە یاریگەی نێودەوڵەتیی فرەنسۆ هەریری نزای بە کۆمەڵ دەکرێت و پاپا فرانسیس گوتارێک پێشکێش دەکات. دوای رێوڕەسمەکەی یاریگە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەگەڕێتەوە بەغدا.
بەیانیی رۆژی 8ی ئادار، پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەرەو رۆما بەڕێدەکەوێت و دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.