رووداو دیجیتاڵ
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان، بە فرۆکەیەک لە رۆماوە بەرەو عێراق بەرێکەوت بەپێی خشتەی ئەو گەشتەش، کاژێر 14:00 دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لیدەکرێت.
یەکێک لە بەرنامەکانی پاپا لەو گەشتەدا، کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، رێبەری باڵای شیعەکانی عێراق.
پاپا فرانسیس رۆژی شەممە 6-3-2021 لە نەجەف لەگەڵ سیستانی کۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی تایبەت بە گەشتەکەی پاپا کۆبوونەوەکە ماوەی 40 خوولەک دەخایەنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە بەشێکی کاتەکە بۆ وەرگێڕانی گفتوگۆکانی هەردوولا دەبێت.
پاپا و سیستانی بە دوو مامەڵەی جیاواز رێز نیشانی یەکدی دەدەن، پاپا لای خۆیەوە بۆ یەکەمجار لە سەردانەکانی بۆ شوێنە تایبەتەکاندا لەکاتی چوونە ژوورەوە بۆ لای سیستانی پێڵاوەکانی دادەکەنێت.
عەلی سیستانیش، کە بەوە بەناوبانگە لەکاتی کۆبوونەوە و سەردانی خەڵک بۆ لای هەمیشە دادەنیشێت و بە دانیشتنەوە پێشوازی لە خەڵک دەکات، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئایینی لە نەجەف، لەکاتی گەیشتنی پاپا، سیستانی سەرباری دۆخی تایبەتی تەندروستی بەهۆی شکانی بەشی سەرەوەی رانی لە ساڵی رابردوودا، هەڵدەستێتە سەر پێ و دێتە بەر دەرگاکەی و سڵاو لە پاپا دەکات، دواتر یاوەری دەکات بۆ شوێنی دانیشتنی تایبەتی خۆی.
بەپێی زانیاریی ئەو بەرپرسانەی نەجەف، سیستانی چایەکیش پێشکەش بە پاپا دەکات. هەر لە کاتی کۆبوونەوەکەشدا، هەردوولا دیاری بە یەکدی دەبەخشن و باس لە پەیامی خۆیان بۆ برایەتی و ئاشتی دەکەن.
هەرچەندە پێشووتر باس لە ئەگەری واژۆکردنی دۆکیومێنتێکی تایبەت بە پەیماننامەی برایەتیی دەکرا، وەک چۆن لەساڵی 2019 لە دوبەی لەنێوان پاپا و شێخی ئەزهەر واژۆکرا، بەڵام بەرپرسانی ئایینی نەجەف بە میدیاکانیان گوتووە، دڵنیانین لە واژۆکردنی هیچ بەڵێننامە یان دۆکیومێنتێک، بەڵکو لەجیاتی ئەوە چاوەڕێدەکرێت سیستانی دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی نووسراو بڵاوبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ