سێ یاسا، دەسەڵاتى دادوەریى عێراق دەکەنە دوو بەش

05-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

سەر بە یەک دەسەڵاتن، بەڵام دوو هەڵوێستى جیاوازیان لەسەر تانەى دژی سێ یاسا هەیە، ناکۆکى نێوان ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری و دادگەى باڵاى فیدراڵى، لە راگەیێندراوى دژ بە یەکدیان دەرکەوت، ئەویش دواى رۆژێک لە دەرکردنى فەرمانسالاری لەلایەن دادگەی فیدراڵی بۆ راگرتنی کارکردن بە سێ یاساکە.
 
سێ پڕۆژەیاساکە بریتین لە؛ هەمووارى هەردوو یاساى لێبووردنى گشتى و بارى کەسى، لەگەڵ یاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەکانیان، کە لە 21ـی کانوونى دووەمی 2025 لە پەرلەمانى عێراق دا پەسندکران.
 
رۆژی سێشەممە، 04-02-2025 دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری دا، کارکردن بە سێ یاساکە رابگیرێت، تاوەکو کاتی یەکلاییکردنەوەی ئەو تانانەی لە سێ یاساکە دراون.
  
چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، ئەجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، تانەدان لە نادەستووریى یاساکان پێویستە دواى بڵاوکردنەوەیان بێت لە رۆژنامەى فەرمى کە مەبەست لێى رۆژنامەى وەقائیعى عێراقە و، "نابێت بەر لەو هەنگاوە، کارکردن بە یاساکان رابگیرێت."  
 
سکاڵاى دژ بەو سێ یاسایە، لەلایەن 10 پەرمانتارى شیعە لە چوارچێوەى 5 سکاڵا تۆمار کراون. 
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى راگەیاند؛ هەریەک لە هەمووارى یاساى بارى کەسى و گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لە رۆژنامەى فەرمى بڵاونەکراونەتەوە و بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى لە دژى دوو یاسا بوون، کە نەکەوتوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەوە جگە لەوەى ئەنجوومەنەکە دەرکردنى هەمان بڕیارى فەرمانسالارى بۆ راگرتنى هەمووارى یاسای بارى کەسى بەپێچەوانەى مەرجەکانى یاساى دادبينى مەدەنى بووە و، مەرجى دەرکردنى ئەو بڕیارەى تێدا نەبووە.
 
دادگەى فیدراڵى لە بڕیارى فەرمانسالارییەکەدا ئاماژەى بەوە داوە، راگرتنى کارکردن بەو سێ یاسایە، رێکارێکى کاتییە تاوەکو بڕیارى کۆتایی لە بارەى سکاڵاکانەوە دەردەچێت، بەوپێیەى ئەگەر بڕیارى نادەستووریبوویان دەربکرێت، بەبێ بڕیارى فەرمانسالارییەکە، ناتوانرێت رێگرى لە دەرهاویشتەکانى بکرێت.
 
بڕیارى فەرمانسالارى بۆ ئەو دۆسیانە دەردەکرێت، کە جێبەجێکردنیان دەرهاویشەى ئابوورى یان لێکەوتەى یاساییان دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی دۆسیەکە لە دادگە یەکلادەکرێتەوە.
   
دادگەى فیدراڵى دەرکردنى بڕیارى فەرمانسالارییەکەى بە "جێگەى پابەندبوون بۆ هەموو لایەک" ناوبردووە، بەڵام ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى دەڵێت "بڕیارى فەرمانسالارى کاتییە و تایبەتمەندیی پابەندبوونى تێدا نییە، ئەوە تەنیا بۆ بڕیار و حوکمە کۆتاییەکانى دادگە دەبێت لە یەکلاکردنەوەى ناکۆکییەکاندا".
 
هەندێک لە تانەکانى ئەو 5 سکاڵایە، لەسەر نادەستووریى دانیشتنەکەى پەرلەمان و هەندێک لە ماددە و بڕگەکانى هەردوو یاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ و هەموارى یاساى لێبووردنى گشتییە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "دوو بڕیارەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى و دادگەى فیدراڵى "دژ بە یەکن و، سەرلێشێوانى یاسایی دروستکردووە." 
 
دواى هەڵوێستەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، دادگەى باڵاى فیدراڵى روونکردنەیەوەیەکى بڵاوکردەوە و بەرگرى لە بڕیارەکەى خۆى کرد.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى رایگەیاندووە، بەگوێرەى مادەى 94ـی دەستوور، بڕیارەکانى دادگەکە جێگەى پابەندبوونن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان و "ئەو مادەیە بۆ هەموو بڕیارەکان دەبێت بە فەرمانسالاریشەوە." 
 
ئازاد دۆسکى، پسپۆڕى یاسایى پێیوایە ئەو دوو هەڵوێستە، ئاماژەى بوونى ناکۆکییە لەنێوان ئەو دوو دامەزراوەیە و بە رووداوى گوت، "بەگوێرەى دەستوور، دادگەى باڵاى فیدراڵی و ئەنجوومەنى دادوەری، دوو بەشى جیاوازی دەسەڵاتى دادوەرین، بەڵام لە رووى دەسەڵاتەوە دادگەى باڵاى فیدراڵى باڵاترە."  
 
مادەى 89ـی دەستوور، پێکهاتەکانى دەسەڵاتى دادوەریى دەستنیشان کردووە کە بریتین لە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، دادگەى فیدراڵى، دادگەى پێداچوونەوە، داواکارى گشتى، دەستەى چاودێریى دادوەرى و دادگا فیدراڵییەکانى دیکە. 
 
ئازاد دۆسکى گوتى "کێشەکە، زیاتر کەسییە وەک لەوەى لەسەر ئاستى دوو دامەزراوەکە بێت."
 
ناکۆکیى نێوان ئەو دوو دامەزراوەیە، لە کاتێکدایە جاسم عەمیرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵى و فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى هەردووکیان شیعەن، کە دوو باڵاترین دەسەڵاتى دادوەرین لە عێراق دا. 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە