سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: پەرلەمان پابەندە بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییەوە

مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی دادگەی باڵای فیدراڵیی کرد و جەختی لەوە کردەوە، پەرلەمان پابەندە بە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە دەردەچن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەگەڵ دادوەر جاسم عومێری، سەرۆکی دادگەکە کۆبووەتەوە و باسی دۆسیەی یاسادانانیان لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری کردووە.
 
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، "هەمووان وەکو چاودێری ئارامی و پارێزەری هەموو عێراقییەکان سەیری دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەکەن و هەمووان پابەندن بەو بڕیارانەی دەردەچن."
 
هەروەها گوتیشی، "عێراق شایەتحاڵی بەدیهێنانی راستەقینە و واقیعی پرەنسیپەکانی دیموکراسییە، هەندێک جار نوێنەرانی گەل پەنا دەبەنە بەر دادگەی فیدراڵی، بۆئەوەی مافی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر هەندێک یاسا و بڕیار بە شێوەیەکی دیموکراسی و لە چوارچێوەی یاسایی."
 
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "هەمووان پابەندن بە بڕیارە دادوەرییەکان و ئەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەچێت."
 
سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەممە 04-02-2025 دادگەی باڵای فیدراڵی، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی هەرسێ یاسای باری کەسی، لێبووردنی گشتی و گەڕانەوەی موڵکەکانی بۆ بۆ خاوەنی رەسەنیان دەرکرد.
 
هەرسێ پرۆژەکە لە دانیشتنی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسندکران.
 
باسم خەزعەل خەشان، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی سکاڵای لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکردووە، دوێنێ سێشەممە 04-02-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دادگەی باڵای فیدراڵی بە فەرمانی وەلائی جێبەجێکردنی هەرسێ یاساکەی راگرت.
 
باسم خەشان گوتی: "نابێت هەرسێ پرۆژە یاسا پێکەوە دەنگیان لەسەر بدرێت. کاری لەو جۆرە پێچەوانەی یاساو دەستوورە."
 
بەگوتەی باسم خەشان، لە دانیشتنی پەرلەماندا ترس هەبوو یەکێک لە پرۆژەیاساکان دەنگی پێویست نەهێنێت، بۆیە پێکەوە دەنگیان لەسەردرا، ئەوەش پێچەوانەی یاسا و دەستوورە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەر پڕۆژەیاسایەک بە جیا دەنگی لەسەر بدرێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی جێبەجێکردنی هەرسێ یاساکە راگیراوە، نەوەک ئەوەی هەڵوەشابنەوە.
 
باسم خەشان  ئاماژەی بەوەدا، راگرتنی یاساکان تاوەکو ئەو کاتەیە لە دادگە کەیسەکە بە رەتکردنەوەی سکاڵاکان یان هەڵوەشاندنەوەی شێوازی پەسندکردنی هەرسێ پرۆژەکە یەکلایی دەبێتەوە.