پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی بەغدا هەڵبژێردران؛ پێشتر رێککەوتن کرابوو

05-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی دووشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بۆ جارێکی دیکە کۆبووەوە و سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاری بەغدا و دوو جێگرەکەی هەڵبژارد، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێت، "پێشتر رێککەوتن لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانەوە کرابوو."
 
سەفا حیجازی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بەتۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەمشەو هەڵبژاردنەکانمان کرد و بەردەوام دەبین تا تەواوکردنی هەموو پۆستەکان بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمشەو ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە یەکەم کۆبوونەوەی دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی 21ـی مانگی رابردوو، ئەم کەسانەی بۆ ئەم پۆستانە هەڵبژارد:
 
- عەبدولموتەڵیب عەلی یوسف عەلەوی، لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، بۆ پۆستی پارێزگاری بەغدا 
 
- عەممار حوسێن قەیسی، لە هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەنا سامەڕایی، بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا
 
- هانی عەبدولجەبار، لە هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار 
 
- زولفەقار فەیاز، لە هاوپەیمانی نەبنی، بە سەرۆکایەتی هادی عامری، بۆ پۆستی جێگری دووەمی پارێزگار
 
محەممەد جابر ئەلعەتا، پارێزگاری پێشووی بەغدا یەکێک بوو لە سەرکردەکانی حیزبی دەعوە کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، پارێزگاری نوێش لە هاوپەیمانێتییەکەی نووری مالیکییە.
 
عەبدولموتەڵیب عەلی یوسف عەلەوی، پارێزگاری نوێی بەغدا کە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بوو لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە ساڵی 1959 لە دیوانییە لەدایکبووە، لە ساڵی 1973 چووتە بەغدا، ماستەری لە بەڕێوەبردن و ئابووریی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە، لە ژمارەیەک وەزارەت پۆستی هەبووە و لە دوایین پۆستیشدا راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی بۆ کاروباری کارگێڕی بووە.
 
هەرچەندە هاوپەیمانیی تەقەددووم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، کە هەشت کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە دەستهێنا و هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر چوار کورسی و هاوپەیمانیی حەسم، بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی سێ کورسی بەدەستهێنا، بەڵام هیچ لەو پۆستانەیان پێنەدراوە، کە شەوی دووشەممە هەڵبژێردران.
 
 لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەغدا کە 52 کورسیی هەیە و سێ کورسییان تایبەتە بە کۆتاکان، بەمشێوەیە بوون:
 
-دەوڵەتی یاسا: 9 کورسی
-نەبنی: 9 کورسی
-تەقەدووم: 8 کورسی
-هێزەکانی دەوڵەت: 5 کورسی
-سەروەری: 4 کورسی
-عەزم: 4 کورسی
-حەسمی نیشتمانی: 3 کورسی
-ئەساسی عێراقی: 3 کورسی
-ئەبشر یا عێراق: 2 کورسی
-ئیشراقەی کانوون: 1 کورسی
-گردبوونەوەی ئەجیال: 1 کورسی 
-عامر داود فەیلی، کۆتا "فەیلی"
-بابیلۆن: یەک کورسیی کۆتا "کریستیان"
-خەلدوون فەرەج جابر، یەک کورسیی کۆتا "سابیئە"

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت