کەعبی: بودجەی 2021 مافی هاووڵاتییان لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە مسۆگەر دەکات

05-02-2021
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن عێراق پرۆژەیاسای بودجەی 2021 هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بودجەی 2021 مافی هاووڵاتیان لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە مسۆگەر دەکات و ناکۆکییەکان لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانەوە تەکنیکین.
 
 رۆژی هەینی 2021/02/05 حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی عێراقی راگەیاند: "دانوستاندن لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا بەردەوامە. پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانیش بەشێکن لەو کێشانە، بەڵام دانوستاندنەکان لەسەر رێڕەوی راستن و ناکۆکی لەسەر دیوی تەکنیکییە."
 
كەعبی لەبارەی جۆری کێشەکانەوە گوتی: "وەک ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ سرووشتی چاودێری لە دیوانی چاودێریی فیدراڵ و دەستەی فیدراڵیی دەستپاکی لەسەر چەند کەرتێکی هەرێمی کوردستان. هەروەها شێوازی کۆنترۆڵکردنی دەروازە یاسایی و نایاساییەکان لە هەرێمی کوردستان کە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی عێراق و بەرهەمی ناوخۆ هەیە."
 
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە بودجەی ئەمساڵ عێراقی دەبێت، تایبەت دەبێت بە گەل لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە، هیچ لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە رەچاو ناکرێت، چونکە سامانە سرووشتییەکان مافی هەموو عێراقییەکانە.
 
حەسەن کەعبی ئەوەی خستەڕوو کە "کێشەکانی بودجە بریتین لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند، لەگەڵ قەبارەی گەورەی خەرجیی گشتی لەو بودجەیەدا، چونکە لە بودجەی هیچ وڵاتێکدا کورتهێنان ناگاتە 44%، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامانی پەرلەمان جیددین لەوەی نەوەکانی داهاتوو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان یان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی کە زۆر پێویست نین قەرزی زیاتر لە ئەستۆ نەگرن."
 
حەسەن کەعبی ئاشکرایشی کرد: "بە چاودێریی لیژنەی ئافرەتان لە پەرلەمان چاومان بە ئافرەتە ئێزدییە رزگارکراوەکان کەوت. یاسای ئافرەتە ئێزدییەکان گرنگە و دیوی زۆری هەیە. هاوکات هەلێکە بۆ راهێنانەوەی ئافرەتە رزگارکراوە ئێزدی و کریستیان و تورکمانە شیعە و سوننەکان. ئەو یاسایە گشتگیرە بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگە کە ناونیشانی ئافرەتە ئێزدییە رزگارکراوەکانە، بەڵام ناوەڕۆکی گشتگیرە بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگە."
 
بە گوتەی کەعبی، پەرلەمان و پەرلەمانتاران پاڵپشتی یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگارکراوەکانن. بەو یاسایە سەردەمێکی داعشی تیرۆریست بە تاوان دەناسێنرێت کە تێیدا تیرۆری دژی هەموو چینەکانی عێراق کرد. هەوڵەکانمان لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بۆ پەسندکردنی یاساکە بەردەوامن، ئەو یاسایەیش شایستەی دارایی و مەعنەویی تێدا دەبێت،.ئەمە پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەوا ئەو سەردەمە بەبێ چوارچێوەی یاسایی تێناپەڕێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بچێتەوە بەغدا بۆ دوا گەڕی کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بودجەوە، چونکە تائێستا ھیچ رێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021ـدا بەدینەهاتووە. لە کاتێکدا زۆرینەی لایەنە سیاسییە شیعەکان داوا دەکەن هەرێمی کوردستان رۆژانە هەموو نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی خۆی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لەگەڵ رادەستکردنی 50%ی داهاتی نانەوتی.
 
هەروەها ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، چوارشەممەی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی گوتی رادەستکردنی هەموو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکەین، بۆیە ئەگەری رێکنەکەوتن هەیە و لە قسەی شاندی هەرێمی کوردستانیشەوە ئەوە دەردەکەوێت، بەڵام ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین گفتوگۆکانمان بەردەوام بن. داواشمان کردووە لیژنەی دارایی پەرلەمان ناکۆکییە سیاسییەکان وەلابنێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە