قایمقامی قائیم بۆ رووداو: هەفتەی داهاتوو دەروازەی قائیم دەکرێتەوە

وێنەیەکی ئەرشیڤیی دەروازەی قائیم لە سنووری سووریاوە
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای قائیم رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو دەروازی سنووریی قائیم لەگەڵ سووریا دەکرێتەوە. 
 
دەروازەی قائیم، بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور. 
 
تورکی مەحلاوی، قائیمقامی قەزاکە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 05-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە دوای 8ـی کانوونی یەکەمەوە، دەروازەی قائیمی نێوان عێراق و سووریا بەپێی پێویستی بۆ هاتن و چوونی خەڵک و بارهەڵگرەکان کراوە بووە.
 
قایمقامی قائیم دەڵێت، دەروازەکە ئاسانکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی ئەو عێراقییانەی لە سووریا گیریان خواردووە، هەروەها بۆ ئەو سووریانەشی لە عێراقن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام رێگە بە هاتنی هاووڵاتی سووریا بۆ عێراق نادرێت. 
 
ماوەیەک بوو بارهەڵگرەکان لە دەروازەکە  گیریانخواردبوو. تورکی مەحلاوی گوتی، بابەتەکە چارەسەرکراوە و ئێستا هیچ بارهەڵگرێک لە دەروازەکە نەماوە، بەگوێرەی رێنمایی ئەمنی مامەڵە و ئاسانکاریان بۆ دەکرێت.
 
سەبارەت بە کاتی کردنەوەی دەروازەکە، تورکی مەحلاوی "ئەگەر هیچ کێشە و گرفتێک دروست نەبێت، هەفتەی داهاتوو هاتن و چوون لە دەروازەکە ئاسایی دەبێتەوە."