فایەق زێدان: کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس تیرۆریستی بوو


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جیگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە "تاوانێکی تیرۆریستی" ناودەبات و دەڵێت: "ئەو کارە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی عێراق بوو."
 
رۆژی هەینی، 5-1-2024 فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوژرانی ئەو دوو بەرپرسە لە بەغدا رایگەیاند، "شەهیدبوونی سەرکردەکانی سەرکەوتن بەهۆی تاوانێکی تیرۆریستیی ستەمکارانەوە بوو کە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی عێراق و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بوو."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەشڵێت، "ئەو دوو شەهیدە زیندووە، ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، پاڵەوانی شەڕەکانی سەرکەوتن بوون بەسەر تیرۆریستانی داعش."
 
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و لایەنەکانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، تێیدا سوودانی گوتارێکی پیشکێشکرد و گوتی: "لیژنەیەکی دوو قۆڵی بۆ کشانەوەی هێزەکانی بیانی لە عێراق پێکهێندراوە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "داوای لێبووردن لەو کەسانە دەکەین کە راستیی دوو شەهیدەکە نازانن، ئەوەشی دەیزانێت و بە ئەنقەست دەیشێوێنێت، ئەوا بیروڕایەکەی هیچ بەهایەکی نییە، هەردوو شەهیدەکە زیندوون و لە چاکەکانیان رەسەنترن، ئەوان شانازی ئێمەن و شانازی و دروستکاری شکۆمانن."
 
 قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی نیوەشەوی 3ـی کانوونی دووەمی 2020 لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.