سوودانی: سەرقاڵی دیاریکردنی وادەیەکین بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی کردەوە و رایگەیاند: "مەترسیدارترین رووداوەکان ئەوانەن کە زیاتر لە جارێک دووبارەبوونەتەوە لە هێرشەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سەر بارگاکانی حەشدی شەعبی." دەشڵێت، "سەرقاڵی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانین بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق."
 
رۆژی هەینی 5-1-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدا کە حەشدی شەعبی رێکیخستبوو، گوتی: "کوشتنی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس لێدان بوو لە سەرجەم نەریت و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ئەو یاسایانە بوو کە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق رێکدەخات، تاوانێکی بێ پاساوی قێزەون بوو."
 
هەروەها دەڵێت" عێراق و ئەمریکا پەیوەندییەکی هاوبەشیی ستراتیژی و دیپلۆماسییان لەنێواندا هەیە و بەو هێرشە پڕنسیپە سەرەکییەکانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی پێشێلکراوە."
 
سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ پێنجشەممەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگایەکی بزووتنەوەی نوجەبا لە بەغدا کە تێیدا موشتاق تالیب سعێدی، بەرپرسی سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا و عەلی نایف، یاریدەدەی ئەو بەرپرسە کوژران، محەممەد شیاع سوودانی گوتی: "مەترسیدارترین رووداوەکان ئەوانەن کە چەند بارە دەبنەوە لە رێگەی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە." 
 
سوودانی گوتیشی: "چەند جارێک دووبارەمان کردووەتەوە لە کاتی بوونی هەر پێشێلکارییەک لەلایەن هەر لایەنێکی عێراقییەوە یان پێشێلکردنی یاساکانی عێراق، حکومەتی عێراق تاکە لایەنە بەدوای وردەکاریی ئەو پێشێلکارییانە دەڕوات."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە گوتارەکەیدا گوتی، رێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت سەروەریی عێراق پێشێل بکات، سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنیی سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی کرد و رایگەیاند: "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانمان دژی ناوەڕۆک و دەقی رێگەپێدانە کە بووەتە هۆی بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق." حەشدی شەعبیشی بە هێزێکی فەرمیی عێراق و بەشێک لە ‌هێزە چەکدارەکان ناوبرد. 
 
بۆردوومانەکەی سوپاى ئەمریکا لە بەغدا دەرگەى لەسەر داواکارییەکان بۆ دەرچوونى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش زیاتر کردەوە. 

 

حوسێن موەنیس، سەرۆکى بزووتنەوەى حقوقی شیعەکان دەڵێت: "پێویستە خشتەى کاتى بۆ چوونە دەرەوەى هێزە بیانییەکان لەسەر خاکى عێراق دەستپێبکات کە لە ژێر ناوى جیاوازدان، چونکە بوونەتە هێزى دووژمن، بەدیاریکراوى مەبەستمان لە هێزەکانى ئەمریکایە، جگە لەوە دەبێت سەرجەم ئەو رێککەوتنانە هەڵبوەشێندرێنەوە کە بەغدا لەگەڵ واشنتن کردوونى، بە هاوپەیمانیى دژی بەداعشیشەوە." 
 
محەممەد شیاع سوودانی لە قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکراکرد، بەنیازی دیاریکردنی وادەیەکن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لە رێگەی لیژنەیەکی دوو قۆڵییەوە کە پێکهێنراوە بۆ دیاریکردنی رێکارەکانی کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
 
سوودانی گوتی: "رژدین لەسەر هەڵوێستی جێگیرمان لە کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دوای ئەوەی پاساوەکانی بوونی نەماوە."
 
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، نیوەشەوی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.