رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رەخنەی تووند لە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق دەگرێت و دەڵێت، "بەشداریکردنی بەڕێز دادوەر فایەق زێدان لە بۆنە سیاسیی و حیزبییەکان و راگەیاندنی هەڵوێستەکانی، گومان دەخاتە سەر بێلایەنی و سەربەخۆیی دامەزراوەی دادوەری".
ئەمڕۆ هەینی، 5ـی کانوونی دووەمی 2024، هۆشیار زێباری، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پۆستێکی لەبارەی بەشداریکردنی دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و پێشکێشکردنی گوتارێک بەم بۆنەیەوە، بڵاوکردەوە و رەخنەی لێگرت.
هۆشیار زێباری لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "دووبارەکردنەوە و بەردەوام ئامادەبوونی بەڕێز دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی وڵات، لە رێوڕەسمە سیاسیی و حیزبییەکان و پێشکێشکردنی گوتار و راگەیاندنی هەڵوێستەکانی، گومان دەخاتە سەر بێلایەنی و سەربەخۆیی دامەزراوەی دادوەریمان".
زێباری لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا ئەوەشی نووسیوە، "جگە لە عێراقمان! ئاخۆ لە کامە وڵاتی پاشایەتی، کۆماری یان گشتگیردا ئەم رۆڵە بە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەدرێت؟ شتێکی سەیرە".
فایەق زێدان، لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوژرانی ئەو دوو بەرپرسە لە بەغدا رایگەیاند، "شەهیدبوونی سەرکردەکانی سەرکەوتن بەهۆی تاوانێکی تیرۆریستیی ستەمکارانەوە بوو کە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی عێراق و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بوو." دەشڵێت، "ئەم دوو شەهیدە زیندووە، ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، پاڵەوانی شەڕەکانی سەرکەوتن بوون بەسەر تیرۆریستانی داعش."
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و لایەنەکانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، تێیدا سوودانی گوتارێکی پیشکێشکرد و گوتی، "لیژنەیەکی دوو قۆڵی بۆ کشانەوەی هێزەکانی بیانی لە عێراق پێکهێندراوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "داوای لێبووردن لەو کەسانە دەکەین کە راستیی دوو شەهیدەکە نازانن، ئەوەشی دەیزانێت و بە ئەنقەست دەیشێوێنێت، ئەوا بیروڕایەکەی هیچ بەهایەکی نییە، هەردوو شەهیدەکە زیندوون و لە چاکەکانیان رەسەنترن، ئەوان شانازی ئێمەن و شانازی و دروستکاری شکۆمانن."
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی نیوەشەوی 3ـی کانوونی دووەمی 2020 لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ