سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عێراق: 10 درۆنمان داونەتە حەشدی شەعبی


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عێراق رایدەگەیێنێت، کارگەی حەموورابی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی سووک و مامناوەند ساڵانە 30 هەزار دەمانچە بەرهەمدەهێنێت و پلانیان هەیە تاوەکو نێوەڕاستی ئەم ساڵ یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنن. جگە لەوە، ئاشکرای دەکات کە درۆنیان داوەتە هێزەکانی حەشدی شەعبی.
 
مستەفا عاتی، سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 هەزار دەمانچەیان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ و "گرێبەستمان کردووە بۆ ئەوەی زیاتر لە 50 هەزار چەک بدەینە وەزارەتی ناوخۆ."
 
ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکردووە لەنێوان دەستەکەیان و وەزارەتی بەرگریی عێراق هیچ گرێبەستێک بۆ پێدانی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان نییە، بەڵکو لەنێوان دەستەکە و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی گرێبەست هەیە.
 
سەبارەت بە چەکی مامناوەندیش ئەوەی ئاشکراکردووە: "دەستەکەمان لە ساڵی 2024دا چەکی مامناوەند بەرهەمدەهێنێت، دەتوانین پێداویستییەکانی هێزە ئەمنییەکان لە چەکی مامناوەند و سووک پڕبکەینەوە و بەردەوامین بۆ ئەوەی کۆمپانیای تەحەدی [کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی چەکە و تۆپ دروست دەکات ] بکەینە یەکێک لە کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ بەرهەمهێنانی چەک."
 
لەبارەی بۆمبهاوێژی تەحەدییەوە کە سەرقاڵی دروستکردنین و مانگی رابردوو تاقیکردنەوەیان لەسەر نموونەیەکی کرد، سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "بۆمبهاوێژی تەحەدی هێشتا لەژێر تاقیکردنەوەدایە."
 
دەستەکە دەیەوێت ئۆتۆمبێلی کارەباییش بەرهەم بهێنێت، لەوبارەیەوە مستەفا عاتی گوتی، "دەستەکەمان لە نێوەڕاستی ئەمساڵ یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمدەهێنێت، جگە لەوەش ئێمە چەندین درۆنمان دروستکردووە کە تایبەتن بە چاودێریکردن و خزمەت دەکەن، تاوەکو ئێستا 10 درۆنمان رادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە."
 
دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عێراق یەکێکە لە دامەزراوەکانی عێراق کە بە مەرسوومی سەرۆکایەتیی کۆمار دوای پەسندکردنی یاساکەی لە ساڵی 2019 دامەزراوە، راستەوخۆ بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بەستراوەتەوە، وەکو لە ئامانجەکانی دروستکردنیدا هاتووە کار بۆ دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییە سەربازییەکانی دامەزراوەکانی عێراق و چەک و تەقەمەنی دەکات، خاوەنی 23 هەزار کارمەندە. 
 
لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق دەستەیەکی لەو شێوەیە هەبوو، بەناوی "دەستەی پیشەسازیی سەربازی."