عەلی سیستانی فەتوایەک لەبارەی گۆشتی بەرازەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق لە وەڵامى پرسیارى شوێنکەوتووانى مەزهەبی شیعە لەبارەى گۆشتى بەرازەوە دەڵێت، "دەتوانن لەو سەربڕخانانەدا کار بکەن کە بەرازى تێدا سەردەبڕدرێت و کارى پاککردنەوە و لەقوتوونان بکەن."
نووسینگەى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەى عێراق وەڵامى چەند پرسیارێکى شوێنکەوتووانى مەزهەبی شیعەى داوەتەوە لەبارەى گۆشتى بەزار و کارکردن و بازرگانیکردن لەو بوارەدا.
لە وەڵامى یەکێک لەو پرسیارانەدا لەبارەى کارکردن لەو سەربڕخانانەى، کە بەرازیان تێدا سەردەبڕدرێت دەڵێت، "دەتوانن کارەکانى وەکو پاککردنەوە و لەقوتوونان و کارى هاوشێوەکانى بکەن و رێگرى نییە، هەرچەندە سەربڕین خۆى لە خۆیدا حەرام نییە، بەڵام شایستەى ئەوە نییە کە پارەى لەسەر وەربگیرێت، ئەگەر وەریشیبگرێت دەبێت لە رێگەى خۆقوتارکردنەوە بێت."
خۆقوتارکردن لەلای پەیڕەوکارانى مەزهەبی شیعە ئەوەیە کەسێک پارەی تێکەڵ بە مامەڵەیەک ببێت و لەپێناو وەرگرتنەوەیدا ئەو کارە بە ناچارى بکات بەو مەرجەى زیان بە هاومەزهەبەکانى نەگەیێنێت.
نووسینگەى سیستانى جەخت لەوە دەکاتەوە کە فرۆشتنى گۆشتى بەراز بۆ ئەو کەسانەش کە بەکارهێنانى بە شیاو دەزانن، رێگەپێدراو نییە، بەڵام ئەگەر کەسێک هاوبەشێکى هەبێت لە بوارى بازرگانی، کە بە جیا گۆشتى بەراز بفرۆشێت، ئاساییە مامەڵە بە قازانجەکەوە بکرێت، کە لەلایەن هاوبەشەکەیەوە دەستکەوتووە.