بۆ زیادکردنی هەژموونی لە عێراق، حەشدی شەعبی پەنا بۆ شانۆ دەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

شانۆگەرییەک کە لە بەسرەی باشووری عێراق پێشکێش کرا؛ لە دیدێکی ئایینییەوە باسی چۆنێتیی وەدەرنانی یەکەم مرۆڤ دەکات لە بەهەشت؛ دواتر چیرۆکی کەشتییەکەی پێغەمبەر نووح، لەگەڵ چیرۆکی پێغەمبەر ئیبراهیم و کوژرانی ئیمام حوسێنی کچەزای پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) دەگێڕێتەوە.
 
شانۆگەرییەکە بەشێکە لە هەوڵی حەشدی شەعبیی عێراق بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی لە رێگەی هێزی نەرمەوە. یەکێک لە ئەکتەرەکان بەناوی عەلی رەزا دەڵێت، "شانۆگەرییەکە شتی زۆر باشی پێشکێش کردین، وەکو متمانە بەخۆکردن لە پێشی جەماوەر، ئەو رووداوانەشی کە لە عێراق روویاندا بە شێوەیەکی گشتی پەیامێک دەگەیێنن".
 
شانۆگەرییەکە کە حەشدی شەعبی دەڵێت "گەورەترین بەرهەمی شانۆیە لە عێراق" بە بەشداریی ئەکتەرانی عێراقی و ئێرانی؛ هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر شارەکانی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی حەشدی شەعبی لەگەڵیان دەگێڕێتەوە، بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو رۆڵەی کە حەشدی شەعبی دەڵێت لە شەڕی دژی داعشدا گێڕاویەتی و هاوشێوەی نییە.
 
عەلی عابدی، کۆنسوڵی ئێران لە بەسرە رایگەیاند، "ئەم بەرنامەیە لەڕاستیدا زیاتر بە هەوڵی گەنجانی عێراقی و گەنجانی ئێرانی گەیشتە بەرهەم، هەروەها پوختەی هەموو ئەو هەوڵانەیە؛ کە لەو ماوەیەدا دراون بۆ ئازادبوونی عێراق، لەگەڵ پێشکێشکردنی هەموو نەهامەتییەکانی سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام تاوەکو ئەمڕۆ".
 
سەعید ئیسماعیلی، دەرهێنەری ئێرانی دەڵێت، "ئەم شانۆگەرییە لە هەر شوێنێک پێشکێش دەکرێت، بۆ گونجاندنی گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، لە شاری بەسرە و دەوڵەتی عێراق پێویستبوو جەخت لەسەر بەرگری و شەهیدانی دیاری بەرگری بکەین، وەکو شەهید ئەبو مەهدی موهەندیس و شەهید حاجی قاسم سولەیمانی".
 
ئەم شانۆگەرییە کە بەشێک بوو لە چالاکییەکانی حەشدی شەعبی بەبۆنەی دووەم ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق، چیرۆکی کوژرانی ئەو دوو سەرکردەی لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە گێڕایەوە.